رێکخەرى گۆڕان: بە پارتى و یەکێتیمان وتووە داهاتى ناوخۆ کۆبکەنەوە دەتوانن مووچە بدەن

  2020-07-13  | 
سلێمانی
عومەر سەید عەلى رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند، ئەو دۆخەى هاتووەتە ئاراوە، خەتاى بزوتنەوەى گۆڕانى تێدا نییە و بە پارتی و یەکێتیشیان وتووە، ئەگەر داهاتى ناوخۆ بە رێکوپێکى کۆبکنەوە دەتوانن موچە بدەن.

عومەر سەید عەلى، رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لە میانی کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەکە ئاماژەى بە دۆخى ئابورى و سیاسى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە و جیهان کرد و رایگەیاند، پەتاى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوت کاریگەرى لەسەر جیهان دانا و کاریگەریەکانى پەتاى کۆرۆنا ئێمەشى گرتەوە لەکاتێکدا ئێمە خۆمان هیچمان نەبوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، دروستبونى ئەم دۆخە و بێکارى و خراپى بژێوى خەڵک خەتاى بزوتنەوەى گۆڕان نەبووە، بەڵکو بزوتنەوەى گۆڕان لەسەر بنەماى رێککەوتننامەیەک بۆ چاکسازى و دژایەتى گەندەڵى و بەدامەزراوەیى و نیشتیمانیکردنى دامەزراوەکان چووەتە ئەم کابینەیەى حکومەت .

لەبارەى پڕۆسەى چاکسازیشەوە، رێکخەرى گشتى گۆڕان ئاشکرایکرد، دەیانەوێت لەگەڵ پارتى و یەکێتى چاکسازى بکەن بۆئەوەش پڕۆژەیان هەیە و چەندین کۆبونەوەیان کردووە.

دەشڵێت، ئەوان بزوتنەوەیەکى سیاسى مەدەنین و باوەڕیان بە ئیسڵاحە و تا بارودۆخەکە ئارام بێت دەتوانن هەنگاوى باشتر بنێن، ئێستاش هەندێک هەنگاوى چاکسازى هاوێژراوە، بەڵام پڕۆژە ئەساسى و گەورەکەى چاکسازى هێشتا دەستىپێنەکردوە.

لەبارەى سەردان و کۆبونەوەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و باشکردنى بژێوى خەڵک، عومەر سەید عەلى رایگەیاند، ئامانجى سەرەکیمان لە سەردانکردنى لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوە بوو کە چۆن بتوانین بژێوى خەڵک باش بکەین، لەو کۆبوونەوانەدا لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن هاوڕامان بون، سوپاسیان دەکەین، بە پارتى و یەکێتیشمان وتوە دەستتان بەسەر بازاڕ و خاڵە سنورییەکاندا گرتوە و داهاتى ناوخۆ بە رێک و پێکى کۆبکنەوە دەتوانن موچە بدەن و بژێوى خەڵک مسۆگەر بکەن.

جەختی لەوەشکردەوە، بەرەوپێشبردنى دۆخەکە بە ئاشتەوایى لایەنە سیاسیەکان دەکرێت، تەمەننا دەکەین لەگەڵ لایەنەکانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بژێوى خەڵک چارەسەر بکەین ئینجا پەیوەندى نێوان لایەنە سیاسییەکان و دواتریش پاراستنى ئەم قەوارە سیاسییە کە ئەرکێکى مێژویى هەمو لایەکمانە.



ڕیکلام