ئیلهام ئەحمەد: دوای هەموو كۆبوونەوەیەكی ئەستانە توركیا لەسوریا داگیركاری زیاتر دەكات

  2020-07-14  | 
ئیلهام ئەحمەد. سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی، رەخنە لە كۆبوونەوەكانی ئەستانە دەگرێت و دەڵێت دوای هەر كۆبوونەوەیەكی توركیا هەنگاوێكی نوێی داگیركاری ناوە لە سوریادا.

ئیلهام ئەحمەد، لە دیدارێكدا لەگەڵ فورات نیوز رایگەیاند: تا ئێستا كۆبوونەوەكانی ئەستانەدا هیچ ئەنجامێكی ئەرێنیان بۆ گەلانی سوریا لێنەكەوتووەتەوە. جگە لە گۆڕینی دیمۆگرافی و راگواستنەوەی گەلانی سوریا بۆ ناوچەیەكی دیكە. 

ئەو رێكەوتنەكانی ئەستانە لەنێوان لایەنە بەشداربووەكان بە مەترسیدار دەزانێت، ئاماژە بەوە دەكات لەژێر ناوی ناوچەی ئارام دیمۆگرافیای ناوچەكە دەگۆڕن. 

ئیلهام دەشڵێت "لە دوای هەموو كۆبوونەوەیەكی ئەستانە، توركیا جموجوڵێكی نوێی داگیركاری لە دژی خاكی سوریا ئەنجامداوە. هەوڵی ئەوە دەدات، لەو ناوچانەی داگیری دەكات، بۆ هەمیشەیی بمێنێتەوە". 

ئەو نمونەش دەهێنێتەوە بۆ ئەو نیازانەی توركیا و دەڵێت "لەو ناوچانەی داگیری كردوون، زانكۆ و رێكخراوی جۆراوجۆر دادەمەزرێنێت و بەم مەبەستەش دەیەوێت بە هەمیشەیی بمێنێتەوە. ناوچە داگیركراوەكان وەكو شارەكانی توركیای لێدەكات".