ئەمڕۆ 62 ساڵ بەسەر یەكەم دانپێدانانی مافەكانی كورد لە عێراق تێپەڕی كرد

  2020-07-14  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ 14ی تەمموز، 62 ساڵ بەسەر گۆڕانی سیستەمی حوكمڕانی عێراق لە پاشایەتییەوە بۆ كۆماریی تێدەپەڕێت‌، هێزە كوردیەكان لەو كاتەدا بە گەورەترین دەستكەوتیان دەزانی و پاش ماوەیەك لە پشتیوانیكردنی كشانەوە، ئەو شۆڕشە كۆمەڵێك دەستكەوتی بۆ كورد و گەلانی عێراقی هەبوو.


ئەمڕۆ 14ی تەمموز، 62 ساڵ بەسەر گۆڕانی سیستەمی حوكمڕانی عێراق لە پاشایەتییەوە بۆ كۆماریی تێدەپەڕێت‌، هێزە كوردیەكان لەو كاتەدا بە گەورەترین دەستكەوتیان دەزانی و پاش ماوەیەك لە پشتیوانیكردنی كشانەوە، ئەو شۆڕشە كۆمەڵێك دەستكەوتی بۆ كورد و گەلانی عێراقی هەبوو. 

لە كودەتایەكی سەربازییدا كە بە شۆڕشی 14ی تەمموز ناسراوە، كۆتایی بە سیستەمی ‌37 ساڵەی پاشایەتی لە عێراق هات، لەو كاتەدا بە فەرمی كورد وەك نەتەوەیەكی هاوبەشی عێراقی دانپێدانرا، هەمان ئەو دانپێدانانەی لە دەستوری ئێستای عێراقدا هەیە لەو كاتیشدا هەبووە. 

شۆڕشەكە بۆ كرا؟ 

هەرچەندە سیستەمی پاشایەتی لە عێراق پێشتر كاری پێدەكرا بەڵام لە ساڵی 1932 بەشێوەیەكی فەرمی دانیپێدانرا، ساڵێك دوای ئەوە واتە 1933 یەكەم مەلیكی عێراقی كۆچی دواییكرد و دوای ئە و مەلیك غازی شوێنیگرتەوە دواتر لە ساڵی 1939 لە كارەساتێكی ئۆتۆمبێلدا گیانی لەدەستدا لەبەر ئەوەی شوێنگرەوەكانی منداڵ بوون، ئەمیر عەبدوڵا بە مەلیك دانرا، هەرچەندە مەلیك بوو بەڵام دەسەڵاتیكی وای نەبوو هاوڕێیەكی بەناوی نوری سەعید كارەكانی جێبەجێ دەكرد. 

سەرچاوە مێژوویەكان باس لەوە دەكەن لەبەر ئەوەی ئیدارەی نوری سەعید كەوتببووە پارە خواردن و بەرتیل خواردن لە ساڵی 1958 كودەتایەك دژی مەلیكایەتی فەیسەڵی دوو نوری سەعید ئەنجامدرا. 

كودەتاكە چۆن بوو؟ 

بە ئەنجامدانی ئەو كودەتایە دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق كۆتایی پێهێندرا  لەشوێنی ئەو سیستەمی كۆماریی لە عێراق راگەیەندرا، ئەوەش دڵخۆشی خەڵكی عێراقی بە نەتەوە جیاوازەكانیشەوە لێكەوتەوە كورد یەكێك لەو نەتەوانەی عێراق بوو كە گۆڕینی سیستەمەكە لە بەرژەوەندی ئەودا بوو. 

بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەفسەرە ئازادیخوازەكان و بێ ئاگاداری ئەوان، عەبدولكەریم قاسم پلانی سەربازی  داناو عەبدولسەلام عارفیش جێبەجێكرد بە سەركەوتوویی، بیانووی ئاڵوگۆڕ و جێگۆڕكێی سەربازی لە نێوان عێراق و ئەردەنیان كردە فرسەتێك و یەكە سەربازییەكانیان چوونە شاری بەغدا و ئەوانیش پلانەكەی خۆیان جێبە جێكرد.

لە بەرەبەیانی 14ی تەمموزی 1958 ھێرشیان كردە سەر كۆشكی (ریحاب‌ و زھور) لە بەغدا و توانیان كۆتایی بە سیستمی پاشایەتی لەعێراق بهێنن، دواتر هەر ئەو ئەفسەرانەی سەرۆكایەتی كودەتاكەیان كرد خۆشیان سەرپەرشتی كارەكانی حوكمڕانیان لە وڵاتگرتە دەست.

عەبدولكەریم قاسم

ئەفسەرێكی سوپای عێراق بوو، سەركردایەتی ئەو كۆدەتایەی كرد، لە رۆژی 21.11.1914 لە گەڕەكێكی هەژاری و میللی لەبەغدا لە دایك بووە و لە خێزانێكی پێنچ كەسی و باوكی پیشەی دارتاش بووە.

 لەڕووی بنەمای ئاینیشەوە باوكی سونە مەزهەب و دایكیشی شیعە بووە.ساڵی 1930 ئامادەیی تەواو دەكات و هەر ئەو ساڵە وەك مامۆستا لە هەژارترین ناوچەی پارێزگای دیوانیە دەست بەكار دەبێت.

ساڵی 1932 چۆتە كۆلێژی سەربازی و بەسەركەوتوویی و بە پلەی یەكەم ساڵی 1934 كۆلێژی سەربازی تەواو كردووەو بەسەركەوتووی پلە سەربازییەكانی بڕیوەو ساڵی 1942 كۆلێژی ئەركانی تەواو كردووە. دوای بەشداربوونی لە شەڕی 1948 ی فەلەستین و ئەو شكستەی ڕوبەڕووی وڵاتانی عەرەبی بووە، كۆمەڵەی ئەفسەرە ئازادیخوازەكان دامەزارو ئەویش ئەندامێكی كارا بوو، ئامانجی سەرەكیان ڕووخاندنی سیستەمی پاشایەتی بوو، بەڵام كودەتاكە بەبێ ئەوان ئەنجامدرا. 

كورد لەدوای شۆڕشەكە

رووداوەكانی 14ی تەمموز هەر بەتەنیا كودەتایەكی سەربازیی نەبوون بەڵكو كۆمەڵێك گۆڕانكاری ریشەیی لە بنەما سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و كەلتوورییەكانی كۆمەڵگەی عێراقدا هێنایە كایەوە، لە دەستوری كاتی وڵاتدا و لە بەندی سێیەمدا دانی بەوەدانا كە هەردوو نەتەوەی عەرەب و كورد لە عێراقدا برابەشن و رێگەی خۆش كرد بۆ ئازادكردنی هەزاران تێكۆشەری كورد لە زیندانەكاندا. 

دوای كودەتاكە مستەفا بارزانی لە رۆژی 6.10.1958 لە یەكێتیی سۆڤیێتی جاران گەڕایەوە عێراق، لەلاەین سەرۆك كۆماری نوێیوە پێشوازی لێكرا، لەو دیدارەدا بارزانی بەڵێنیدا پشتیوانی لە شۆڕەكەی بكات، بەڵام هەرزوو بە بیانوی ئەوەی دژایەتی مافەكانی كورد دەكرێت لە پشتیوانی كردنی كشانەوە. 

لە دەستووری كاتی كۆماری عێراق، لە مادەی سێیەمدا ئاماژە بەوە كرابوو كورد و عەرەب، لەو نیشتمانەی ناوی عێراقە هاوبەشن، بەڵام ڕۆژگارەكانی دواتر بارزانی لە پشتیوانی كردنی شۆڕشەكە كشایەوە. 

هەرچەندە لەو سەردەمانەدا جوتیارانی كورد وەك جوتیارانی عێراقی بوونە خاوەن زەوی خۆیان و تا ئەو كاتە زۆرینەی جوتیاری عێراقی خاوەنی زەوی خۆی نەبوو، ئەمەشبە یەكێك لە خاڵە زێڕینەكانی ئەو كودەتایە ئەژمر دەكرێت. 
 
دەستكەوتەكانی بۆ كورد

لە دەستووری عێراق دەستنیشانكرا كە كورد‌و عەرەب هاوبەشن لە ئەرك‌و مافدا، ئەوەیەكەم داننانی فەرمی بوو بەمافی كورد.
لێبوردنی گشتی بۆ گیراوان‌و دوورخراوان دەركرا، بۆیە هەریەكە لە شێخ عەبدوللەتیف كوڕی شێخ مەحمود‌و شێخ ئەحمەد بارزان و شێخ عەبدولسەلام بارزانی ئازادكران، هەروەها مەلا مستەفا بارزانی ‌و هەڤاڵەكانیشی لە یەكێتی سۆڤیەت گەڕانەوە.
بڕیاردرا بارودۆخی ئابووری كوردستان چاك بكرێت‌و زەویش بەسەر جووتیاران دابەش بكرێت.
شەهیدانی كۆماری مهاباد بەتایبەتی هەریەكە لە خەیرولڵا عەبدولكەریم‌و عزەت عەبدولعەزیز‌و مستەفا خۆشناو ‌و محەمەد مەحمود قودسی بەشەهیدی نیشتمان هەژماركران.
بڕیاردرا فەرمانبەرانی كورد لەكوردستان دابمەزرێن لە شوێنی فەرمانبەرانی عەرەب.
كۆتایی ئەم شۆڕشە لەسەر دەستی یەكێك لە ئەنجامدەرانی شۆڕشەكە كە عەبدولسەلام عارف بوو لە رۆژی 8 شوباتی 1963 لە كودەتایەكی دیكەی سەربازیدا كۆتایی پێهێندرا و هەمان رۆژ عەبدولكەریم قاسم لە ھەمان ڕۆژ گولەباران كرا.


ڕیکلام