لە دهۆك دۆخی تەندروستی تووشبوویەكی كۆرۆنا جێگیر نیە

  2020-07-14  | 
دهۆک
 مازن شنگالی
سەرپەرشتیاری نەخۆشانی كۆرۆنا لە دهۆك رایگەیاند لە ئێستادا 96 نەخۆش لە پارێزگاكە هەیە و تەنها یەك نەخۆش دۆخی تەندروستی جێگیر نیە ئەویش تا ئێستا پێویستی بە ئامێری هەناسەدانی دەستكرد نەبووە.

موئەید ئەغالی . سەرپەرشتیاری چارەسەری نەخۆشانی كۆرۆنا لە دهۆك، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: ئێمە لە دهۆكدا سێ نەخۆشخانەی تایبەت بە كۆرۆنامان هەیە، لە ئێستادا 96نەخۆش لە ژێر چاودێریدان و رەوشی ئەوانیش بە گشتی جێگیرە تەنها یەك نەخۆش رەوشی باش نیە لە هەوڵیشداین رەوشی ئەو چارەسەر بكەین. 

سەرپەرشتیاری نەخۆشانی كۆرۆنا لە دهۆك وتیشی: ئێمە هەموو شتێكمان هەیە، جگە لەوەی ئەو دەرمانە هاریكارانەی بۆ چارەسەری نەخۆشەكان بەكار دەهێندرێت كەمە ئەوەش لە هەموو جیهاندا كەمە. 

ئەو روونیكردەوە تا ئێستا لە دهۆك هیچ نەخۆشێك نەبووە پێویستی بە پلازما یان ئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەبێت بەڵام ئەو نەخۆشەی ئێٍستا دۆخی جێگیر نیە گومان دەكەین پێویستی بە ئامێری هەناسەدانی دەستكرد ببێت. 


ڕیکلام