لەتیف نێروەیی: دانوستانی یەکێتی و پارتی لە کاتێکی گونجاودایە

  2023-11-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت، ئەمجارە شاندی دانوستانی یەکێتی و پارتی دەسەڵاتی رەهایان هەیە لە بڕیاردان یان ڕێکەوتن لەسەر ئاستی حکومی و حزبی و سیاسی.

ژیان:
لەتیف نێروەیی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە وتارێکدا نوسیویەتی، بڕیارە رۆژی ٧ی ئەم مانگە، لەسەر داوای سەرۆک بافڵ تاڵەبانی شاندی باڵای یەکێتی وپارتی، گەڕێکی دیکەی دانوستان لە شاروچکەی پیرمام ئەنجام بدەن و تیمی دانوستانەکانی هەردوولا بەشێوەیەکی هاوسەنگ ولەسەر ئاستی باڵای حزبی و حکومی بەشداری لە دانوستانەکان دا دەکەن و دەسەڵاتی رەهایان هەیە لە بڕیاردان یان ڕێکەوتن لەسەر ئاستی حکومی و حزبی و سیاسی.

دەشڵێت، لەسەر داوای سەرۆک بافڵ، وەفدی باڵای یەکێتی و پارتی گەڕێکی دیکەی دانوستان لە شارۆچکەی پیرمام ئەنجام دەدەن، دەکرێت هەلومەرجی ئێستای هەرێم و ناوچە دابڕێندراوەکان و بەغدا، هەلومەرجێکی گونجاو بێت بۆ ئەنجامدانی دانوستان و بەرەوپێشەوەچوونی دانوستانەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن.

لەتیف نێروەیی ئاماژەیبەوەشکردووە، وا پێویست دەکات هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەتایبەتی یەکێتی وپارتی لەڕێی دانوستانەوە کارێک بکەن کە بانگەشەیەکی هێمنانە لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوەبچێت و رکابەرییەکە لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە بێت و وەکو کورد بتوانین لەکەرکوک زورترین دەنگ و زۆرترین کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەست بێنین و بە پلانی هاوبەش خۆمان بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکان ئامادەبکەین وکۆتایی بە دۆخە ناسەقامگیرەکەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکە بهێنین.


ڕیکلام