لەمساڵدا نزیکەى 500 کۆچبەری عێراقی گەیشتوونەتە ئەوروپا

  2020-07-14  | 
پۆلێک لە کۆچبەران لەسەر سنورەکانی ئەوروپا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەى 500 کۆچبەری عێراقی گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا.

بەپێی دواین ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە شەش مانگی ئەمساڵدا تەنها 28 هەزار و 729 کۆچبەر و پەناخواز لە ڕێگای دەریای ناوەڕاستەوە گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا کە ئەفغانی و سوری و جەزائیرییەکان زۆرترینیان پێکهێناوە، هاوکات 339 کۆچبەریش لە ڕێگادا گیانیان لەدەستداوە.

ژمارەى گشتیی کۆچبەرانی گەیشتوو بۆ ئەوروپا لە ڕێگای دەریای ناوەڕاستەوە بەمشێوەیەی خوارەوەیە :

یۆنان: 10 هەزار و 408

ئیسپانیا: هەشت هەزار و 693

ئیتاڵیا: حەوت هەزار و 330

ماڵتا: هەزار و 776

قوبروس: 468

لەبارەى کۆچبەرانی عێراقی، لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی حوزەیران، نزیکەى 500 کۆچبەری عێراق خۆیان گەیاندووەتە وڵاتانی ئەوروپا کە 340 کۆچبەریان دەربازی یۆنان بوون و 99 کۆچبەری تریان گەیشتوونەتە ئیتاڵیا .

ئامارەکە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر کەمترە کە ئەوەش چەند هۆکارێکی هەیە.

سۆران ڕەشید، بەرپرسی میدیایی پڕۆژەى کۆچبەر لە کوردستان ڕایگەیاند، کەمکردنی شەپۆلی کۆچبەرانی عێراقی و هەرێمی کوردستان بەرەو ئەوروپا ڕووی لە کەمی کردووە، بەڵام هۆکارەکە ناوخۆیی نیە و پەیوەندی بە سەختبوونی ڕێگای کۆچی نائاسایی هەیە .

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری یەکەم بڵاوبوونەوەى نەخۆشی کۆرۆنایە لە سەرانسەری جیهان، لە سەرەتای شوباتەوە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپی بە تەواوی سنورەکانیان داخست و سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانیان ڕاگرت، ئەوەش بەربەستێکی سەرەکی بوو لە بەردەم کۆچبەراندا .

هۆکاری دووەم، بەپێی قسەکانی سۆران ڕەشید، توندکردنی سنورەکان و گۆڕانکارییە لە سیاسەتی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی وەستاندنی شەپۆلی کۆچبەرانی نائاسایی دەدەن .

بەرپرسی میدیایی پڕۆژەى کۆچبەر لە کوردستان ڕاشیگەیاند، ئەمساڵ یۆنان وەزارەتێکی بە تایبەت پێکهێناوە بە ناوی وەزارەتی کۆچ کە پێشتر لە کابینەی حکومەتدا نەبووە، داوای هێزی زیاتری سنوریی یەکێتی ئەوروپای کرد بۆ پاراستنی سنور و حکومەتی یۆنان هەموو هەوڵێکی خستەگەر بۆ دیپۆرتکردنەوە و گەڕاندنەوەى ئەو کۆچبەرانەشی کە دەربازیان بووە .

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی تەمموزەوە، شەپۆلی کۆچی عێراقییەکان و خەڵکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوروپا بەچڕی دەستیپێکردووەتەوە، بە جۆرێک تەنها لە 10 ڕۆژی یەکەمی مانگی تەمموزدا، 500 کۆچبەر لەلایەن هێزەی پاسەوانی دەریایی تورکیاوە دەستبەسەرکراون.



ڕیکلام