قوباد تاڵەبانی: ناکرێت لە ساڵی داهاتودا کێشەی نەناردنی بودجە و موچەی هەرێم بەردەوام بێت

  2023-11-30  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبونەوەی لەگەڵ ستیڤن چارڵس هیچن، باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق رایگەیاند، هەمو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کێشەی بەشە بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە یەکجاری چارەسەر بکەن و ناکرێت ئەم کێشەیە لە ساڵی داهاتوشدا بەردەوام بێت.

ژیان:
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەممە، ٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو، تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنی عیراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد،" ئەرکی هەموو لایەنە عیراقییەکانە هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی عیراق، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا بۆ گەڕاندنەوەی متمانە، پێویستە هەر لایەنێک لەلای خۆیەوە نیازپاکی نیشان بدات".

 وتیشی،" تەنها بە پاراستنی سەقامگیری و گەڕاندنەوەی متمانە دەتوانرێت کێشە سیاسییەکان و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن".

سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، جێگری سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە چارەسەری بنەڕەتی رێککەوتنێکی گشتگیری درێژخایەنە کە لە بەرژوەندی هەردوولادابێت، بەڵام لەم قۆناغەدا ئەولەوییەتی یەکەمی حکومەت و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی خێرای کێشەی بودجە و موچەی موچەخۆرانە و ناکرێت ئەم کێشەیە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەام بێت.  داواشیکرد وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان یارمەتیدەربن لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرا. قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە لە ماوەی رابردوودا کەشێکی ئەرێنی هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و هەنگاوی باش نراون بە ئاراستەی یەکگرتوویی و یەکڕیزی نێوان لایەنە کوردستانییەکان. وتیشی گەشبینە بە بەردەوامیی ئەم کەشە ئەرێنییە بەشێکی بەرچاوی کێشەکان چارەسەر بکرێن و بەمەش پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا بەهێزتر ببێت.

لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ سەر ئەرکەکەی کرد و رایگەیاند،" بە گەڕانەوەی وەزیر پڕۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە خێراتر و باشتر جێبەجێ دەکرێت".


ڕیکلام