كەركوك بەرزترین رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنای تۆمار كرد

  2020-07-15  | 
 سۆران عەبدولکەریم
تەندروستی كەركوك ڕایگەیاند، لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا بەرزترین ئاستی تووشبوون بەكۆرۆنا لەپارێزگاكە تۆماركراوە، ئاشكراشیدەكات شارەكە تەنها 750 بوتڵی ئۆكسجینی هەیە.

سەباح نامیق، یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 158 تووشبووی نوێی كۆرۆنا تۆماركراون 78 تووشبوو چاكبوونەتەوە و شەش كەسیش بەهۆی ئەوەی ئاستی بەرگریان لەشیان لاوازبووە گیانیان لەدەستداوە.

ناوبرا ڕونیشیكردەوە: هیچ كارگەیەكی بەرهەم هێنانی ئۆكسجین لەپارێزگاكە نیە لە ئێستادا كۆی ئەو بوتڵە ئۆكسجینانەی لەبەردەستن 750 بوتڵن ئەوەش وەك پێویست نیە و ژمارەیان كەمە، بۆیە چارەسەری تەواو بۆ ئەم پەتایە تەنها خۆپارێزیە وپێویستە هاوڵاتی هۆشیاری باشتری لەوبارەوە هەبێت. 

بەرپرسەكەی تەندروستی كەركوك ئەوەشی راگەیاند، لەئێستادا وەك شانەی قەیرانی كەركوك بڕیاریانداوە سیستەمی نیمچە هاتووچۆ پەیڕەو بكرێت و لەباشوری كەركوكیش نەخۆشخانەیەكی نوێی تایبەت بەتووشبووانی كۆرۆنا دروست دەكرێت كە لەلایەن كۆمپانیایەكی ژاپۆنیەوە بونیاد دەنرێت.

ناوبراو باسی لەوەشكرد لەسەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆناوە لەكەركوك 2695 تووشبوو تۆماركراون، تائێٍستا 1295 تووشبوو لەژێر چاودێریدا ماونەتەوە.

ئەوەشی راگەیاند تائێٍستا 1263 كەس چاكبوونەتەوە، بەڵام ڕێكارەكان نەیتوانیوە وەك پێویست كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی ڕێژەی گیان لەدەستدان بەكۆرۆنا هەبێت و 137 حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆماركراون.


ڕیکلام