ئێران کەشتییەکی نەوتهەڵگری لە کەناراوەکانی ئیمارات رفاند

  2020-07-15  | 
تاران
بەپێی راپۆرتێکی ئەسۆشێتدپرێس ئێران کەشتییەکی نەوتهەڵگری لە کەناراوەکانی ئیمارات رفاندووە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئێران کەشتییەکی نەوتهەڵگری لە کەناراوەکانی ئیمارات رفاندووە کە پێشێلی گەمارۆکانی ئەمریکای کردووە.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتدپرێس لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، دەیڤد هامۆند سەرۆکی گروپی مافی مرۆڤ بۆ کاروباری دەریایی کە لە بەریتانیایە، رایگەیاندووە، کەشتیوانی کەشتی نەوتهەڵگری (ئێم تی گۆڵف سکای) پشتڕاستی کردووەتەوە کە ٥ی ئەم مانگە کەشتییەکەی لە کەناراوەکانی ئیمارات رفێندراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ٢٦ کارمەندی ئەو کەشتییە کە بەڕەچەڵەک هندستانی بوون گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و دوو کەسیشیان لە تارانی پایتەختی ئێرانن.

دەیڤد هامۆند راشیگەیاندووە، زانیاری زیاتری لەوبارەیەوە نییە.

هاوکات کۆمپانیای تانکەر ترەیکێرز کە بەدواداچوون بۆ کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەکات، ئاشکرایکردووە، بەپێ دواین وێنەی مانگە دەستکردەکان، ئەو کەشتییە لە کەناراوەکانی ئێران لەنەگەری خستووە و راگیراوە.

ئەسۆشێتدپرێس بڵاویشیکردووەتەوە، تا ئێستا بەرپرسانی ئیمارات و ئەمریکا هیچ لیدوانێکیان لەوبارەیەوە نەداوە.

پێشتر ئێران چەندین رێگەی بۆ دەوردانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر وڵاتەکەی بەکارهێناوە، بەهاری ساڵی رابردوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆتایی بەماوەی لێخۆشبوونی ئەو وڵاتانە هێنا کە نەوتی ئێرانیان دەکڕی، بەڵام بەپێی هەندێک لە راپۆرتەکان، بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی بەنهێنی، تاران کەڵك لە چەندین تۆڕی بازرگانی لە وڵاتانی چین و ئیمارات و عێراق و لوبنان وەردەگرێت.



ڕیکلام