لەتیف نێروەیی: پلانی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن سەرکەوتوو بوو

  2023-12-21  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیاند، پلانی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن سەرکەوتوو بوو و بەو سەرکەوتنەی وەڵامی هەموو ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە لە ناوچە جێناکۆکەکان درابوونە پاڵی، تاکە هێزیشە کە لە هەر چوار پارێزگا جێناکۆکەکە کورسی بەدەستهێناوە.

ژیان:
لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،" یەکێتی لەگەڵ هیچ لایەنێک هێڵی سووری نییە و تاکە هێزیشە کە لە چوار پارێزگا جێناکۆکەکان کورسی بەدەستهێناوە، وەک هەمیشە لە هەموو بارودۆخەکاندا لەگەڵ خەڵکی خۆماندا دەبین".

ئاماژەی بەوەشکرد،" پلانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق سەرکەوتوو بوو، بەو سەرکەوتنەی وەڵامی هەموو ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە لە ناوچە جێناکۆکەکان درابوونە پاڵی، پێشمان ناخۆشە هەندێک لایەن دەنگی کەمیان بەدەستهێنا".

لەتیف نێروەیی باسی لەوەشکرد، لەسەرتاسەری عیراقدا زۆرترین رێژەی بەشداریی دەنگدانی تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە و دەنگەکان بۆ یەکێتی بوونە.


ڕیکلام