عەلی حەمەساڵح: حەجمی گەندەڵی لەخاڵە سنورییەکان لەمانگێکدا زیاترە لە ١٥٠ ملیۆن دۆلار

  2020-07-15  | 
هەولێر
عەلی حەمەساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، حەجمی فەساد و گەندەڵی لە خاڵە سنورییەکان لەمانگێکدا، زیاترە لە ١٥٠ ملیۆن دۆلار.

لە نامەیەکی کراوەدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، ھەشت مانگ پێش ئێستا، لێکۆڵینەوە و بەدواداچونی وردمان کرد، دەیان بەڵگەنامەمان ھێنا لە ئیبراھیم خەلیل و فیشخابورەوە بۆ باشماخ، بە وردەکاری ئەوەی لەسەرجەم خاڵە سنورییەکان ڕوودەدات خستمانە بەردەست بەڕێزتان، ئەوەبوو بەڵێن و بڕیاربوو چاکی بکەن، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە زیادی کردوە و کەمی نەکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەرپرسە لەم قسەیە و دەڵێت، حەجمی فەساد و گەندەڵی لە خاڵە سنوریەکان ١٥٠ ملیۆن دۆلار زیاترە مانگانە، ئەگەر نیەت و ئیرادەی چاکسازی ھەیە بۆ لێرەوە دەستپێناکرێت؟

ئاشکراشیکردووە، ٢٧ کۆمپانیا بە نایاسایی و ناڕەوایی و گەندەڵی و نادادی، مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار وەردەگرن و قەبارەی کاڵای قاچاخ تەنیا لە مەرزی باشماخ مانگانە نزیکەی ٢٥ ملیۆن دۆلارە .

ئەوەشی خستووەتەڕوو، خاڵی سنوری لەگەڵ ڕۆژئاوا و سوریا بەتەواوی بەدەست کۆمپانیاوەیە لە بری حکومەت و مانگانە چەندین ملیۆن دۆلار داھاتی ئەم کۆمپانیایەیە و حکومەت ھیچ.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاندووە، بەفەرمی نوسینگەی قاچاخی لە بازاڕدا دانراوە و بە بارھەڵگرەکان دەڵێن، نیوەی بەھای گومرگی بدە و لەخەتی تایبەت داخڵی بکە، کۆدەکەشی ئەوەیە لە ھەموو بازگەکانی ئاسایش دەڵێن، "باری تایبەتییە".

دەشڵێت، ٨٥٪ی جگەرەی کوردستان ئێستا ھێزە ئەمنی و بەرپرس و کۆمپانیا دەسەڵاتدارەکان بە قاچاخ داخڵی دەکەن، گومرگی جگەرە نادرێت کە ٥٠٪‏ بەھاکەیەتی.

بەوتەی عەلی حەمەساڵح، کۆمپانیا ھەیە مانگانە لە خاڵە سنوریەکان ھەشت ملیۆن و ھەیە چوار و ھەیە دوو ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت، بەبێ ئەوەی کارێکی وا بکات.

هەر لە نامەکەیدا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، لە ھیچ خاڵێکی سنوری نیە بە کەمتر لە یازدە ڕێگا پارە لەخەڵک وەربگیرێت و ژمارەی کۆمپانیاکان کە سەرانە وەردەگرن لەم کابینەیە زیادی کردووە.

دووپاتیشیکردووەتەوە، ئەوەی لە توانایاندا بوو بۆ ئەم دۆسیەیە کردوویانە، بەدواداچونیان کردووە و ھەرچی زانیاری و بەڵگەیە کۆیانکردووەتەوە، داوای دانیشتنی پەرلەمانیان کردووە و داویانە بە داواکاری گشتی و دادگا، خستوویانەتە بەردەست سەرۆکایەتی حکومەت و وەزیرەکان، ھەمووی ئەوانەش خراوەتە بەردەست گۆڕان و ئەوانیش بەپارتی و یەکێتیان وتووە.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەم کارە بە بڕیار چاکدەکرێت نەک بەلیژنە و دەبێت حکومەتی ھەرێم چاو لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی عێراق بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە.

عەلی حەمەساڵح دەشڵێت، ڕەنگە ھەندێک کەس بپرسن کە ئەرکی گۆڕان لە حکومەت چیە؟

وەڵام دەداتەوە و دەڵێت، ھاوڕام، پێویستە و ھیوادارم بۆ ڕێگری لەم تاڵانیە گۆڕان دواقسە لەگەڵ دەسەڵات بکات، گۆڕان لە حکومەتدا بەشدارە و بەرپرسیاریەتی لەسەرە و ئەمە خراوەتە بەردەست وەزیرەکان و ڕایانگەیانداوە لە کۆبوونەوەدا باسیان کردوە .



ڕیکلام