بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی بەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەندکراوێک لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
عەلی جەمال قدووری وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی٧ی٢٠٢٠، بەندکراوێکی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان بەناوی ( هیوا تۆفیق نامیق ) لەدایکبووی ساڵی 1976، بەهۆی بەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی دادگای کەتنی قەزای کفری بەپێی مادەی 457 بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ناوبراو دەرکرد، لەبەرواری 21 /6/ 2020 پۆلیسی کفری ناوبراویان دەستگیر کردووە و ڕەوانەی بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیانیان کردووە .
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای پشکنین دەرکەوتووە کە ناوبراو هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە .
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان راشیگەیاندووە، پاش ئەوەی چەند جارێک لەبەندیخانەوە براوەتە نەخۆشخانە و چارەسەری بۆکراوە، دواجار بەهۆی خراپی باری تەندروستییەوە لەبەرواری 7/7/ 2020 ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە و ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، ١٠ هەزار و ١١٤ کەس لە هەرێم تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش ٣٧٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنج هەزار و ٤٨٢ کەسیش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.