پارێزەری ئیسماعیل سوسەیی زانیاری نوێ لەسەر ناوبراو ئاشکرادەکات

  2020-07-15  | 
هەولێر
مامۆستا ئیسماعیل سوسەیی و پارێزەر هەرێم رەفعەت
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزەری ئیسماعیل سوسەیی زانیاری نوێ لەسەر کەیسی ناوبراو ئاشکرادەکات و دەڵێت، لەسەر دۆسیەى هێرشکردنەسەر بیناى پارێزگاى هەولێر و بەیعەتدان بە داعش 12 ساڵ زیندانى بۆ مامۆستا ئیسماعیل سوسەیی دەرچووە.

لە لێداونێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، هەرێم رەفعەت پارێزەری مامۆستا ئیسماعیل سوسەیی رایگەیاند، مامۆستا ئیسماعیل سێ دۆسیەی بۆکراوەتەوە کە بریتین لە، تۆمەتی هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنی، بەیعەتدان بە رێکخراوی داعش و هاندان بۆ هێرشکردنەسەر بینای پارێزگای هەولیر.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی نەبوونی بەڵگە، توانیویانە یەکێک لە تۆمەتەکان کە هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنییە، لەسەر مامۆستا ئیسماعیل سوسەیی لاببەن.

ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر ئەو دوو کەیسەی دیکە، ناوبراو ماوەی ١٢ ساڵ زیندانی بەسەر سەپێنراوە، بەڵام ئەوان وەکو پارێزەر ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و کەیسەکەیان تەمیزکردووەتەوە.

وتیشی، لەئێستادا دۆسیەکەی لە دادگای تەمیزی هەرێمە و تا ئێستا دادگا بڕیاری لەوبارەیەوە نەداوە.

پارێزەری مامۆستا ئیسماعیل سوسەیی راشیگەیاند، ناوبراو پێشتر لە زیندانی ئاسایشی هەولێر بووە بەڵام ماوەی مانگێکە بەهەوڵ و ماندووبوونی ئەوان، رەوانەی چاکسازی گەورانی هەولێر کراوە.

دووپاتیشیکردەوە، کەیسەکەی مامۆستا ئیسماعیل سیاسییە و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی بیسراو و بینراو هەوڵدەدرێت تاوانەکانی بەسەردا ساغبکرێتەوە.

وتیشی، ئەگەر دادگای تەمیزی هەرێم یاساییانە و راستگۆیانە و بەبێ ئەوەی کاریگەری هیچ لایەنێکی لەسەر بێت، کاربکات، لەسەدا سەد دڵنیایە کە مامۆستا ئیسماعیل لەسەر هەر دوو کەیسەکە بێتاوان دەردەچێت، چونکە هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نییە.

ئاشکراشیکرد، چاکسازی گەورانی هەولێر ماوەی چەند رۆژێکە مانگرتنیان راگەیاندووە و بەوتەی خۆیان دۆخیان باش نییە.

هەرێم رەفعەت پارێزەری مامۆستا ئیسماعیل سوسەیی داواشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، با وەکوو عێراق و وڵاتانی دراوسێ و بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەشێک لە زیندانیان ئازاد بکات.

ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە مامۆستای وتاربێژ، ئیسماعیل سوسەیی بەتۆمەتی هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنی و بەیعەتدان بە رێکخراوی داعش و هاندان بۆ هێرشکردنەسەر بینای پارێزگای هەولێر دەستبەسەر کراوە.



ڕیکلام