بافڵ جەلال تاڵەبانی: تەنها بە هەماهەنگی سەرکەوتنمان مسۆگەر دەکەین

  2023-12-25  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەیامێکیدا رایگەیاند، تەنیا بە هەماهەنگی و پێکەوەیی سەرکەوتنمان مسۆگەر دەکەین و هەنگاو بەرەو داهاتوویەک دەنێین کە هەمووان خەونی پێوەدەبینن

ژیان:

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح پیرۆزبایی لە مەسیحییەکان دەکات و دەڵێت،" جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێبێت) لە خوشک و برا مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان، عیراق و جیهان پیرۆزبێت و لە دڵەوە هیوای دڵخۆشی و جەژنێکی پڕ لە کامەرانییان بۆ دەخوازم".

ئاماژەی بەوەشکرد،" هیوادارم ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیریی زیاتر لە وڵاتەکەمان و ئەو مێژووە درەوشاوەیەی هەرێمی کوردستان خاوەنێتی لە تەبایی و پێکەوەژیاندا، هەموومان پێکەوە گەشاوەتری بکەین".

باسی لەوەشکرد،" یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شانازییەوە رۆڵ و پێگەی مەسیحی و هەموو پێکهاتە رەسەنەکانی دیکە بەرز دەنرخێنێت و کار بۆ قووڵکردنەوەی خۆشەویستی و یەکترقبووڵکردن دەکات، چونکە تەنیا بە هەماهەنگی و پێکەوەیی سەرکەوتنمان مسۆگەر دەکەین و هەنگاو بەرەو داهاتوویەک دەنێین کە هەمووان خەونی پێوەدەبینن".

 


ڕیکلام