بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەبێت قۆناغی نوێی کارکردنمان، هەنگاونان بێت بە ئاڕاستەی قووڵکردنەوەی ئاشتی و ئاوەدانیی زیاتر لە ناوچەکە

  2023-12-29  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەبۆنەی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دڵنیاتان دەکەم لەجێی ئومێدی ئێوە و دڵسۆزیتاندا دەبین. هەروەها هەوڵ و شەونخونی کادرانمان بەرزدەنرخێنین لە رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردن و دەنگدان و پێزانینیان ئاڕاستە دەکەم".

دەقی پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکیتی نیشتمانی کوردستان:

کوردستانیانی خۆشەویست لە کەرکووک، خانەقین، مەندەلی، مەخموور ، نەینەوا، شەنگال و دووزخورماتوو، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنتان لێدەکەم و شانازی بەو رۆحییەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەتانەوە دەکەم کە لە رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نیشانتاندا و شانازییەکی ترتان لەمێژوودا نووسییەوە.

‏‎دووپاتکردنەوەی کوردستانیبوونی ناوچە دابڕێنڕاوەکان و هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک نوێنەری راستەقینەی خۆتان، وانەیەکی مێژووییە و لەبیری ناکەین. ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئێمەیە بەرامبەر دڵسۆزیتان وەفاداربین و بارتەقای خۆڕاگریتان، خزمەتتان بکەین. ئەوەی سەرۆک مام جەلال بۆ کەرکووکی کرد لە خزمەتکردن و قووڵکردنەوەی تەبایی و پێکەوەژیان، درێژەی پێدەدەین و بەشوێنپێی ئەودا هەنگاو دەنێنین.

‏‎سوپاسی تایبەتی دەنگدەرانمان دەکەین لە هاونیشتمانیان و سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانیتر کە هاوپەیمانیی کەرکووک هێز و ئیرادەمانەیان هەڵبژارد، دڵنیاتان دەکەم لەجێی ئومێدی ئێوە و دڵسۆزیتاندا دەبین. هەروەها هەوڵ و شەونخونی کادرانمان بەرزدەنرخێنین لە رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردن و دەنگدان و پێزانینیان ئاڕاستە دەکەم.

‏‎دەبێت قۆناغی نوێی کارکردنمان، هەنگاونان بێت بە ئاڕاستەی قووڵکردنەوەی ئاشتی و ئاوەدانیی زیاتر لە ناوچەکە، دەست بە چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلالەوە بگرین و رێز لە هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان بگرین، پێکەوە لەگەڵ برا عەرەبەکانمان بە شیعەو سونە، برا تورکمان و هەموو نەتەوە و پێکهاتە رەسەنەکانی تر کاربکەین بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی گەشتر کە خەڵکە خۆشەویستەکەمان چاوەڕێی خزمەتی زیاتر و ژیانێکی شایستەترمان لێدەکەن و ئێمەش بەڵێن دەدەین کە درێغی نەکەین و لەخزمەتیاندابین.

پێکەوە بەرەو خزمەتی زیاتر و سەرکەوتنی گەورەتر.


‏‎برا و دڵسۆزتان
‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی
‏‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


ڕیکلام