ژەنەڕاڵ ماكنزی: حكومەتی عێراق زۆر شەڕەنگێزە و زۆریش بەسودە

  2020-07-16  | 
ژەنەڕاڵ كینیس ماكنزی فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەی رَۆژهەڵاتی ناوەڕاست
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژەنەڕاڵ كینیس ماكنزی فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەی رَۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەتوانێت فشارەكانی لەسەر ڕێكخراوی داعش بەردەوام بكات و هاوكات توانای هێزە عێراقییەكانیش بنیان بنێت .

ماكنزی دەربارەی هەڵوێستەكانی ئەم دوایەی حكومەتی عێراق بەرامبەر میلیشیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران ڕایگەیاند، حكومەتی عێراق زۆر شەڕەنگێزانەیە و زۆریش بەسودە، بە تایبەت لە هەوڵەكانی بۆ دانانی سنورێك بۆ هێرشەكانی میلیشیا چەكدارەكان بۆسەر ئەو بنەكە سەربازییە عێراقییانەی كە هێزەكانی ئەمریكای تیا جێگیر كراوە .

ئاماژەی بەوەشكرد، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرپرسیارێتییەكانی سەرشانی بە بایەخەوە وەرگرتووە بۆ دژایەتیكردنی ئەو میلیشیایانە و پارێزگاریكردن لەو هێزانەی هاوپەیمانان كە هاوكاریی دەكەن .

ماكنزی  باس لەوەكرد، خەونەكانی ئەوان لە عێراق گەیشتووەتە ڕێگەیەكی داخراو چونكە وا دەبینن حكومەتی نوێی عێرا قبە تەواوی سەر بەوان نییە، بەڵام هەندێك بڕیار دەدات لە بەرژەوەندی وڵاتەكەیەتی لە دژی ئێران .

ئەو لێپرسراوە باڵایەی سوپای ئەمریكا لە قسەكانی بۆ ڕادیۆی دەنگی ئەمریكا وتی "دەتوانن بەو ژمارە كەمەی هێزەكانیان لە عێراق ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن، بابەتی كەمكردنەوەی ئەو هێزانەش بە ڕاوێژی هەموو لایەك دەبێت .

ماكنزی ئاشكرایكرد، لە ئێستادا 5 هەزار بۆ 6 هەزار سەربازی ئەمریكا لە عێراقدا بوونیان هەیە .

لە بەشێك لە وتەكانیدا ئەو لێپرسراوە سەربازییەی ئەمریكا ئاماژەی ئەوەكرد، لەوبڕوایەدایە حكومەتی عێراق دان دەنێت بەو سودەی كە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان و ناتۆ وەریگرتووە .

ڕوونیشكردەوە، بەردەوامی هاریكاریكردنی واشنتۆن بۆ عێراق بۆ جەنگی دژی داعش، ئاماژەیە بۆ شكست و پاشەكشەی ئێران، ئێران دەیەوێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە گۆڕەپانی عێراقدا بكاتە دەرەوە .

 ماكنزی جەختیكردەوە، ئێران تێگەیشتووە لەوەی ناتوانێت بەڕێگەی سیاسی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكاتە دەرەوە، بۆیە دەیەوێت لەڕێگەی میلیشیاكانییەوە بەهێز ئەو كارە بكات، بەڵام دوای كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس كۆنترۆڵی ئێران بەسەر ئەو میلیشیا چەكدارانەدا لاواز بووە .

هەر دەربارەی ئێرانی فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  ئاماژەی بەوەكرد، ئێران ڕوبەڕوی فشاری دیپلۆماتی و ئابوری گەورە بووەتەوە، بەڵام  لەسەر حسابی گەلەكەی قوربانی داوە و بەردەوامە لە هەڕەشە سەربازییەكانی، بە تایبەت توانا موشەكی و بالیستییەكانی .



ڕیکلام