ئەمرۆ کۆنفرانسی راگەیاندنی یەکیتی ئەنجامدەدرێت

  2024-01-11  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بۆ جێبەجێکردنی یەکێکی دیکە لە ڕاسپاردەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کۆنفرانسی ڕاگەیەندنی یەکێتی دەبەسترێت.

ئەمرۆ پێنج شەمە کۆنفرانسی راگەیاندنی یەکیتی ئەنجامدەدرێت، کۆنفرانسەکە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە رۆشنبیران و میدیاکاران و لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی مەڵبەندەکان و نوێنەرانی سەرچاوە میدیاییەکانی یەکێتی و مامۆستایانی زانکۆو سەرجەم ئەو کەسایەتیانەی لە خەباتی شاخەوە کاری میدیاییان کردووە بەڕێوەدەچێت، کە ژمارەی ئەندامانی کۆنفرانس نزیکەی ٣٥٠ ئەندامن، ئەمە جگە لەوەی کەژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی دیکەی هەڵبژێردراو کە ژمارەیان ٤٠ کەس دەبێت بەشدارن، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و وەزیری رۆشنبیری و پارێزگاری سلێمانی بەشداری کۆنفرانسی بۆردی ڕاگەیاندن دەکەن. 

لە کۆنفرانسەکەدا وتاری بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەخوێندرێتەوە، هاوکات عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری وتاری مەکتەب دەخوێنێتەوە و پاشان لەتیف نێرەوەی راپۆرتی گشتی بۆردی راگەیاندن پێشکەش دەکات.

ئامانج لە کۆنفرانسەکەش جێبەجێکردنی یەکێکی دیکەیە لە راسپاردەی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رێکخستنەوەی پەیکەری بۆردی راگەیاندن و داڕشتنی سیاسەتێکی نوێی پەیامی میدیایی یەکێتی و هەروەها دەستنیشانکردنی چەند راسپاردەیەکە لەبارەی باشترکردنی میدیای یەکێتی و پاشان ئاڕاستەکردنی ڕاسپاردەکانە بۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسی، هەروەها ڕاسپاردەکان بەشێوازێک دەبن کە خزمەت بە میدیای یەکێتی بکەن و بەشێک لەو کەموکوڕیانەی لە میدیای یەکێتیدا هەن چارەسەر بکرێن بۆئەوەی گەشەی زیاتر بکات.

ئەو بابەتانەشی پەیوەستن بە پەیکەربەندییەوە کە پەیوەستیشن بە پەیڕەوی کاری راگەیاندنەوە، لەو پەیڕەوەشەوە پێشنیار دەکرێت کە میدیای یەکێتی بەرەو دامەزراوەیی بڕوات و ئەو کەناڵانەی کاری میدیاییان وەکویەکە بکەونە یەک ستوونەوە، کە بێگومان ئەم پرسانە لە کۆنفرانسدا لەلایەن میدیاکارانی یەکێتی و کەسانی پسپۆڕەوە تاوتوێ دەکرێن و بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا، پێنج لیژنە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان پێکدەهێندرێن کە شوێنیان بۆ دیاریکراوە، کۆنفرانسەکەش ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

بەستنی ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکدایە بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی یەکێتی لە کۆنگرەی ٢٠١٠دا یەکەم کۆنفرانس بەسترا و ئەمە دەبێت بە دووەم کۆنفرانس.


ڕیکلام