100 كارمەندی تەندروستی لە دهۆك دادەمەزرێن

  2024-01-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك ڕایگەیاند، 100 كارمەندی تەندروستی لە سنوری بەڕێوەبەرایەتییەكەیان دامەزراون و ناوەكان رەوانەی وەزارەت كراون و پاش دەرچونی فەرمانی كارگێڕی دەستبەكاردەبن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، د.ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دھۆک،راگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران 100 کارمەندی تەندروستی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دھۆک دادەمەزرێن، ئەو کارمەندانەش زیاتر بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئازادیی شاری دھۆکن، چونکە لە زۆر شوێن پێویستمان بە کارمەند و پزیشک ھەیە و کێشەی کەمی میلاکمان ھەیە.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دھۆک وتیشی، ناوی ئەو 100 کارمەندەی بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەرچوە ڕەوانەی وەزارەتی تەندروستی کراون بەمەبەستی دەرکردنی فەرمانی کارگێڕی، دوای گەڕانەوەی ناوەکانیان دەست بە جێبەجێکردنی فەرمانەکە دەکرێت و کارمەندە دامەزراوەکان دەستبەکاردەبن.

 د.ئەفراسیاب مووسا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە سنووری پارێزگای دھۆک کێشەی کەمی میلاک ھەیە و کەمترین میلاک لەسەر ئاستی کوردستان لە تەندروستی دھۆکە، لەبەر ئەوەیش ناتوانین بەشی دیکەی تەندروستی بکەینەوە چونکە میلاکمان کەمە، ئەوانەیشی دامەزراون بەشێوەی گرێبەست کار دەکەن.

 


ڕیکلام