لەئەنجامی بۆردومانی تورکیا ئاگر لە سنوری قەزای ئامێدی کەوتەوە

  2020-07-16  | 
دهۆک
بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بووەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە سنوری قەزای ئامێدی
فۆتۆ: مازن شنگالی
 مازن شنگالی
بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، ئاگر لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوری قەزای ئامێدی کەوتەوە.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، زیاتر لە ۲٤ کاتژمێرە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، ئاگر لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوری قەزای ئامێدی کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستاش ئاگرەکە کۆنتڕۆل نەکراوە .

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگرەکە لەسنوری گوندی سگێرێ و کۆمەڵگای کوانێی سەربە قەزای ئامێدی کەوتووەتەوە کە بەهۆی بەردەوامی تۆپباران و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە دروستبووە .

ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستاش، تیمەکانی بەرگری شارستانی بەهاوکاری لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەش نەیانتوانیوە ئاگرەکە کۆنتڕۆل بکەن و هەر بەهۆی ئەو ئاگرەوە بە سەدان دۆنم ڕەز و باخی هاوڵاتیان سووتاون.

ماوەی مانگیكە، سوپای تورکیا بەبیانووی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە زەوی و ئاسمانەوە هێڕش دەکاتە سەر سنورەکانی ئامێدی و زاخۆ لە پارێزگای دهۆک و بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک هاوڵاتی شەهیدبوون و زەرەر و زیانی زۆریش بەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە گەیشتووە.



ڕیکلام