ماوەی چەند رۆژێکە سوپای عێراق لە نێوان دوزخورماتوو و کفری بەتایبەت لە دەوروبەری قۆری چای دەستی بە جموجەڵی سەربازی کردووە، هێزەکانی پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدان .
سوپای عێراق دەڵێت ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش و گروپە چەکدارەکانە بەڵام نزیکبوونەوە لە هێڵی 36 گومانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دروستکردووە .
ئەو ناوچەیەی کە سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا کردووە بەدیاری کراوی دەکەوێتە نێوان سەڵاحەدین و دیالە و گەرمیان، گومانی ئەوەش دەکرێت سوپای عێراق هەوڵی کۆنترۆڵی ئەو بیرە نەوتانە بدات کە کەوتوونەتە سنوری پەلکانە کە ناوچەیەکی کێشە لەسەرە و بیرەکان لە سەردەمی حکومەتی بەعس لێدراون .
دوای نزیکەی هەفتەیەک لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای عێراق، لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەوان و هێزەکانی پێشمەرگە هاتووەتە ئاراوە و گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوانیان بەرەو هێوربوونەوە دەچێت، سوپای عێراق پێشنیازێکی داوەتە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە، پێشنیازەکەش لەلایەن فەرماندەکانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە پەسندکراوە و ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ ئەوەی هەردوولا رێککەوتن واژۆ بکەن و ئەو ناوچانە بە هاوبەشی بپارێزن کە بەپێی دەستووری عێراق بە ناوچەی کێشە لەسەر دانراون .
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان حکومەتی عێراق پێشنیازی کردووە لە قۆری چای تاوەکو گوندی کارێز کە نزیکەی 11 کیلومەترە و رێگایەکی سەرەکییە، سوپای عێراق سایدێک و هێزەکانی پێشمەرگەش سایدێکی رێگاکە بپارێزن .
ئەگەر سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەت رازی بن بە پێشنیازەکەی سوپای عێراق ئەوا پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ناوچە کێشە لەسەرەکان لەو سنوورە و یارمەتی دەرێکی باش دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی گوندەکانی ئەو ناوچانە کەبەشێکی زۆریان بەهۆی هەڕەشەی چەکدارانی داعش و گروپە چەکدارەکان ئەو ناوچانەیان چۆڵکردووە، وەزارەتی پێشمەرگە وەک دەستکەوت دەڕوانێتە پێشنیازەکەی سوپای عێراق .
ئەو پێشنیازەی سوپای عێراق دوای ئەوە دێت کە خۆیان لە چەند ناوچەیەکی کێشەلەسەر لەنێوان کفری و دوزخورماتوو جێگیربوون ژمارەیەک بنکەیان دانا، لیوای 20ی سەر بە فیرقەی پێنجی هێزی پیادەی عێراق لەنێوان پردی قۆری چایی بۆ بازگەی کارێز نۆ رەبایەیان داناوە .
ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عێراق، سنووری پارێزگای دیالە، قەرەتەپە، سەعدیە، خانەقین و گوڵاڵەشی گرتووەتەوە کە بەپێی دەستوور بەشێکن لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و هەموو جووڵەیەکی سەربازی تێیاندا پێویستە بە ئاگاداریی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگە بێت .
مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە باس لەوە دەکات کە چوار میحوهریان ههیه لهو ناوچهیه، ههماههنگیان ههیه لهگهڵ سوپای عێراق.
دەشڵێت ئەوان و سوپای عێراق دانیشتوون لهباتی ئهوهی كه شهڕه تفهنگ بكهن رێكهوتنێكیان كردووه كه 11 كیلۆمهتر له نێوان هەردوولادا بێت، ئێمه دهچینه پێشترهوه شتێكمان كردووه بۆ ئهوهی كه ئهو سهنگهرگرتنهی لهگهڵ سوپای عێراق لهوێ ڕایانگرین، ئهو نهفهسهی كه عێراقیش ههیهتی لهم كاته هیچ پێویست ناكات ئهگهر شهڕی داعشه ئهوه لهو ناوچهیهی لای خۆیانه، ئهو ناوچانهی كه ئێمهی لێین نهمانهێشتووه ئهوان بێنه پێشهوه .