مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی هەواری شار لە سلێمانی، بكوژانی گەنجێكی تەمەن 23 ساڵیان دەستگیر كرد .
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو لە گەڕەكی هەواری شاری سلێمانی بەهۆی ڕووداوێكی تەقەكردنەوە گەنجێكی تەمەن 23 ساڵ بە ناوی ( س ، م ،ع ) بریندار بووە.
ئاشکراشیکردووە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەكان گەنجەكە ڕەوانەی نەخۆشخانە كراوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە .
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای رووداوەکە و بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی عەمید ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی، لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردووە و بنكەی پۆلیسی هەواری شار ڕاسپێردراوە بۆ دۆزینەوەی بكوژان و دەستگیركردنیان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، هێزەکانیان توانیویانە لەماوەیەكی كەمدا و هەمان شەو دوو تۆمەتبارەكە دەستگیربكەن و دەستیشانگرتووە بەسەر دوو چەكی جۆری دەمانچە كە بەتۆمەتباران بووە .
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاندووە، لەئێستادا تۆمەتباران بە ناوەکانی (پ، ف، ك) لە دایكبوی 1999 و (ڕ، أ، ف) لەدایكبووی 1990، بەبِریاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر دوو تۆمەتبارەکە كوردی دانیشتوی شاری سلێمانین و دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا .