یەکێتی و پارتی ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی پارێزگاری کەرکوک کورد بێت

  2024-02-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکتی و پارتی لە ئەنجامدا هەردوولا ڕێکەوتن کەوا پاریزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دابنرێت لە پێناو خزمەتکردن بە خەڵکی ئەو شارە.

ڕاگەیاندراوی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان بەڕێوەچوو، دوای هەڵسەنگاندن و گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری هەرێم و کێشەچارەسەر نەکراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بە گشتی و بودجە و بژێوی ژیان و موچەی فەرمانبەران بە تایبەتی، لەلایەک و هەڵبژاردنەکانی  ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەکی دیکەوە، دوای بیروڕا گۆڕینەوە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیی هاوڕابووین لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە :

١ - هەردوولا کۆک بووین لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیانی پارێزگای کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شارو شارۆچکەکان .

٢ - هەردوولا هاوڕابووین ئەرکی سەرشانی یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی هەرێم  بپارێزن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەهیدانی کوردستان بکەین .

٣ - بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەئاستێکی باڵا هەردوولا پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بەگشتی و بژیوی و ژیان و خزمەتگوزاری و بودجە و مووچە بدەین بە تایبەتی.


ڕیکلام