ئەمڕۆ ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسەکە ئاڕاستەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکرێت

  2024-02-08  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوایین رۆژی دووەمین کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن بەڕێوەدەچێت و راسپاردە و پێشنیارە ئامادەکراوەکان دەخوێندرێنەوە و ئاڕاستەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دەکرێن بۆ چاکسازی لە بەرنامەی کاردا.

ئەمڕ‌ۆ پێنجشەممە ٨-٢-٢٠٢٤ سێیەمین رۆژی دووەم کۆنفرانسی گشتی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دروشمی (میتۆدی نوێ بۆ رێکخستنێکی سەردەمیانە) بەڕێوەدەچێت، کە یەکێکە لە راسپاردەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی و ماوەی سێ رۆژە بەردەوامە، خوێندنەوەی راسپاردەو پێشنیارە ئامادەکراوەکان و  بەلاغی کۆتایی کۆنفرانس و راسپاردە و پێشنیارەکان و وتەی کۆتایی کۆنفرانسیش لە قەڵاچوالان بەڕێوەدەچێت. 

بەپێی پەیڕ‌ەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تایبەت بە مەکتەبی رێکخستن، لەمادەی ٣٨ خاڵی یەکەمدا ھاتووە، (مەکتەبی رێکخستن ئەرکی بەڕ‌ێوەبردنی کاروباری رێکخستن لەناوەوەو دەرەوەی وڵات لە ئەستۆ دەگرێت)، هەروەها لەخاڵی دووەمی هەمان ماددەدا هاتووە، (بەهۆی تایبەتمەندی مەکتەبی رێکخستن و سروشتی کارو ئەرکەکانی دەکرێت ژمارەیەک ئەندام مەکتەبی هەبێت، کە لە ١١ ئەندام تێپەڕ نەکات).

لە ماددەی ٣٩ی پەیڕ‌ەوی ناوخۆشدا ئاماژە بەوەکراوە، (پێویستە مەکتەبی رێکخستن بەپێی پێویست مەڵبەند لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم و عیراق بکاتەوە)، ئەمە جگە لەوەی لە ماددەی ٤٠دا هاتووە، (مەکتەبی رێکخستن بۆی هەیە لە کۆنفرانسدا رێکخستن و ئۆرگانەکانی خۆی رێکبخاتەوەو سنورو شێوازی کارو پەیکەرو ئەرک و دەسەڵاتی ئۆرگانە جیاوازەکانی بە رەچاوکردنی ناوەندەکانی تۆماری دەنگدەران دیاری بکات)، هەروەها لە ماددەی ٤١ دا ئاماژە بەوە دراوە، (کە مەڵبەندەکان باڵاترین ئۆرگانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن، لە سنورێکی جوگرافیای دیاریکراودا).

رۆژی سێشەممە ٦-٢-٢٠٢٤ دووەمین کۆنفرانسی گشتی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دروشمی (میتۆدی نوێ بۆ رێکخستنێکی سەردەمیانە) دەستیپێکرد، کە یەکێکە لە راسپاردەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوامە و تێیدا کاری رێکخراوەیی و هەیکەلی ئۆرگانەکانی مەکتەبی رێکخستن رێکدەخرێنەوە.


ڕیکلام