بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی: یەکێتی خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە کردوە و چاوەڕێی سوپرایز بن

  2024-02-19  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای بڵاوبونەوەی چەند دەنگۆیەک لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن یەکێتیەوە بۆردی ڕاگەیاندن دەڵێت: یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە و چاوەڕێی سوپرایز بن.

بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: چەند ڕۆژێکە بەشێوەی پلان بۆ داڕێژراو لەلایەن بەشێک لە میدیای ڕەسمی و ناڕەسمی هەندێک لایەن، بەپاساوی دواخستنی دانیشتنەکانی دادگای فیدرالی سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان یەکێتی کراوەتە ئامانج، گوایە یەکێتی  لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەترسێت و هەوڵی دواخستنی دەدات، لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵە چەواشەکارییانە، بەوانەی کە خەونەکانیان تەنها لەسەر هەواڵی چەواشە هەڵچنیووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، پێیان رادەگەیەنین
 پێشتریش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە تایبەت کەرکوک کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوایدەکرد ئەو بڕگە یاساییەی تایبەت بە کەرکوک لاببردرێت بۆ ئەوەی هەموو هاوڵاتیەکی رەسەنی شارەکە بەتایبەت دەنگدەرانی کورد مافی بەشداریکردنی هەڵبژاردنەکانی هەبێت، هەمان دەهۆڵیان دەکوتا و گوایە یەکێتی بۆیە داوای هەموواری ئەو بڕگەیە دەکات، ترسی پێشوەختەی لەگەڵ کەمکردنەوەی دەنگەکانی و بەدەستهێنانی کورسی هەیە و نایەوێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت، کەچی دواجار هەوڵ و هەواڵە چەواشەکارییەکانتان بوونە بڵقی سەر ئاو  و مایەپوچ دەرچوون. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمجارەش پێتان دەڵێین کاتی زۆری ماوە بۆ بانگەشە و  هەر لەئێستاوە خۆتان بەو دەهۆڵ کوتانە و هەواڵە چەواشەکارییانە ماندو مەکەن، چونکە یەکێتی دەمێکە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکردوەو هاوشێوەی کەرکوک و موسڵ و خانەقین و دوزخورماتو، چاوەڕوانی سوپرایز بن.


ڕیکلام