سەنتەری میترۆ لەسەر دەستگیرکردنەوەی رۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی پەیامێک بڵاودەکاتەوە

  2024-02-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەنتەری میترۆ لەسەر دووبارە دەستگیرکردنەوەی رۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی دەڵێت، دەستگیرکردنی بەردەوامی ڕۆژنامەنوسان لە ھەرێمی کوردستان پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و یاسا کارپێکراوەکانی ھەرێمی کوردستان کە ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە گەرەنتی دەکات.

دەقی پەیامەکەی سەنتەری میترۆ..

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەمە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤ ھێزێکی ئەمنی ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی لەماڵەکەی خۆی دەستگیردەکەن و لەئێستادا لەبنکەی پۆلیسی ماڵتاوە بۆ زیندانی چاکسازی زرکا گواستراوەتەوە.

میترۆ تێبینی ئەوەی کردووە ڕۆژنامەنووسان ئەگەر کێشەیەکی یاساییان ھەبێت لە ڕۆژی پێنج شەمە دەستگیری دەکەن ، بۆئەوەی ڕۆژانی پێنج شەمە و ھەینی و شەمە بەدەستبەسەرکراوی بھێڵدرێتەوە، ئەمەش بەجۆرێک لە تۆڵەکردنەوە لە ڕۆژنامەنوسان دەبینین پێش ئەوەی دادگایی بکرێت .

بەکارھێنانی ترس و تۆقاندن لە لایەن ھێزە ئەمنییەکان و سەرکوتکردنی مافی ڕۆژنامەنوسان بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆیان بە مەترسی دەبینین و بۆچی دەبێت بە تۆمەتی خراپ بەکارھێنانی مۆبایل دەستگیربکرێت و یاسای ڕۆژنامەوانی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت و لەکاتێکدا کە دەبوو خودی سکاڵاکار بیسەلمێنێت کە ووتەی ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی ڕاست نییە ، نەوەک بەم جۆرە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت .

دەستگیرکردنی بەردەوامی ڕۆژنامەنوسان لەھەرێمی کوردستان پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و یاسا کارپێکراوەکانی ھەرێمی کوردستان کە ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە گەرەنتی دەکات.

ئێمە بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆخەکە لە نزیکەوە و لەگەڵ ھاوبەشەکانمان کاردەکەین بۆ داکۆکیکردن لە پاراستنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی ڕۆژنامەنووسان.


ڕیکلام