ئیدارەی رۆژئاواي كوردستان: ڕێگە بە دانانی سندوقی هەڵبژاردن نادەين لەناوچەكانمان

  2020-07-18  | 
لوقمان ئەحمی وتەبێژی ئیدارەی خۆبەرٍێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل، كەبڕیارە سبەینێ 19ی تەموز ئەنجام بدرێت، لە دوور و نزیكەوە هیچ پەیوەندییەكی بە ئیدارەی خۆسەرەوە نییە و بە هیچ شێوەیەك سندوقی دەنگدان لە ناوچەكانی ئەوان نابێت .

لوقمان ئەحمی وتەبێژی ئیدارەی خۆبەرٍێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، لە كاتێكدا هاوڵاتیانی سوریا چاویان لەسەر چارەسەرێكی ئاشتیانەی قەیرانی سوریایە كە ماوەی 10 ساڵە درێژەی هەیە، ڕژێمی سوریا لەسەر هەمان ڕێچكە و ڕێبازی خۆی دەڕوات كە خۆی دەیخوازێت و وەك ئەوەی لە ساڵی 2011 تا ئێستا هیچ ڕووی نەدابێت .

وتەبێژی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، سوربوونی حكومەتی سوریا لەسەر سازكردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل، جگە لە بەردەوامبوون لەسەر پەیڕەوی ڕابردوو كە لە سەرەتای قەیرانی سوریاوە لەسەری بەردەوامە هیچی تر نەگۆڕاوە، ئەوەش بە مانای سەیرنەكردنی هیچ كێشە و قەیرانێكە لە سوریا و قبوڵی نییە هیچ لایەكی سوری بەشداری گفتوگۆی ناوخۆیی وڵاتەكە بكات، بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ قەیرانەكە بدۆزرێتەوە .

لوقمان ئەحمی دووپاتیكردەوە، هەلبژاردنی ئەنجومەنی گەل كە بڕیارە سبەینێ 19ی تەموز ئەنجام بدرێت، لە دوور و نزیكەوە پەیوەندیی بەوانەوە نییە و جەختیشیكردەوە بە هیچ شێوەیەك سندوقی هەڵبژاردن لە ناوچەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوونی نابێت .

هۆشداری ئەوەشی دا، ئەوان داوا لە حكومەتی سویا و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان و سەرجەم هێزە سوریاییەكانی ناوخۆیی ئەو وڵاتە دەكەن بۆ كۆبوونەوە، لەپێناو چارەسەركردنی قەیرانەكە بە گفتوگۆی سوری- سوری و دانانی بنەماكانی دەستوری وڵاتەكە و پاشان ڕووكردنە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی گشتی .

لەكۆتایی وتەكانیدا ئەحمی جەختیكردەوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باكور و خۆرهەڵاتی سوریا، پشتگیری هیچ بڕیاریەكی تاك لایەنە ناكەن، وەك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل .

ئەوەش لە كاتێكدایە بڕیارە سبەینێ بە بڕیاری حكومەتی سوریا، هەلّبژاردنی پەرلەمان كە لەو وڵاتە بە ئەنجومەنی گەل ناسراوە، لەسەرانسەری سوریادا بەڕێوە بچێت .