بەفەرمانی كازمی دەروازەیەکی سنوری دیکە كۆنتڕۆڵكرایەوە

  2020-07-18  | 
دەروازەی سنوری زورباتیەی پارێزگای واستینان
ئەرشیڤ
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێزە هاوبەشەكانی عێراق بە فەرمانی سەرۆك وەزیران دەروازەی سنوری زورباتیەی پارێزگای واستینان لەگەڵ ئێران كۆنترۆڵكردەوە .

هەندێك لە میدیا عێراقییەكان باس لەوە دەكەن خودی مستەفا كازمیش بە هێزێكی تایبەتەوە گەیشتووەتە دەروازەی سنوری زورباتیە و بە تەواوی كۆنترۆڵكراوەتەوە .

هاوكات عەبدولئەمیر شمەری جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان ڕایگەیاند، بە فەرمانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق هێزێكی تایبەت رشەوانەی دەروازەی زوڕباتیە كراوە و كۆنترۆڵیانكردووەتەوە .

شمەری لە لێدوانێكدی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، هێزەكانیان هەموو فەرمانێكیان پێیە و ڕێوشوێنی توندوتۆڵ دەگرنە بەر، بە مەبەستی ڕێگری كردن لەوەی دەروازە سنورییەكان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەكاربهێنرێت و كاردەكەن لەسەر چەسپاندنی یاسا تیایاندا .

دەروازەی زروباتیە بە یەكێك لە شادەمارەكانی سەرچاوەی دارایی سنوری عێراق دادەنرێت و یەكێكە لە گەورەترین دەروازەی سنوری كە دەكەوێتە پارێزگای واست و نزیكیشە لە پارێزگای كەربەلاوە زۆربەی گەشتیارە ئێرانییەكان لەو دەروازەیەوە هاتوونەتە عێراقەوە بۆسەردانیكردنی شوێنە پیرۆزەكان .

ئەوەش لە كاتێكدایە لەدوو هەفتەی رابردوودا بە ئامادەبوونی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەروازە سنورییەكانی پارێزگای بەسرە و دەروازەی سنوری مەندەلی لە پارێزگای دیالە كۆنترۆڵكرایەوە و بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیكردنی دراونە دەستی هێزێكی تایبەت .

لەكاتی كۆنترۆڵكردنەوەی دەروازە سنوریەكانی بەسرە و مەندەلیدا كازمی ڕایگەیاند، كار لەسەر گێڕانەوەی هەیبەتی دەوڵەت دەكەن و ڕایگەیاند، چیتر ڕێگە نادرێت دەروازە سنورییەكان لە لایەن گروپەی مافیایی و دوور لە یاساوە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەكاربهێنرێن .



ڕیکلام