بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەرگیز پشت لە گەلەکەی ناکات

  2024-03-05  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە یادی ڕاپەڕیندا بەڵێنەکان بۆ خەڵکی کوردستان دووپاتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت: یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەرگیز پشت لە گەلەکەی ناکات.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی ٣٣ ساڵەی راپەریندا دەڵێت: جەماوەری خۆشەویستی رانیە و دەڤەری راپەڕین ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادی راپەڕینە مێژووییەکەی گەلی کورد و جوامێری و ئازایەتیی ئێوە دەکەینەوە، یادی هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرانە دەکەینەوە کە گڕیان لە شەوەزەنگ بەردا و مژدەی داهاتوویەکی رووناکتریان بە کوردستان بەخشی.

ئاماژە بەوەش دەکات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەزانێت ئێوە چ مێژوویەکی پڕ لە شانازی و درەوشاوەتان تۆمارکردووە و چەند رۆڵەی قارەمانتان بەم خاکە بەخشیوە، لە یادمانە چەند ئازارتان چەشت و لە چ دەربەدەرییەکدا ژیان، بۆ ئەمەش یەکێتی هەمیشە قەرزاری ئێوە و خۆڕاگریی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدەکانمانە.

هەروەها دەڵێت: دەزانین نیگەرانییەکان زۆرن و ئەو ئامانجانەی خوێنی گەشی شەهیدەکانمانی لەپێناو رژا، وەکخۆی نەهاتنەدی. خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی پێویستدا نین و دۆخەکە بەو شێوەیە نییە کە ئێوە و ئێمەش هیوامان بۆ خواستبوو. بەڵام وەکچۆن لەماوەی رابردوودا بەڵێنمان پێدان ئەم رێڕەوە نادروستەی سیاسەت و حوکمڕانی راستدەکەینەوە و پێگەی دەستووریی کورد لە ناوەندی بڕیاری سیاسی لە بەغداد دەپارێزین، ئێستاش دووپاتیدەکەینەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە نییە و نابێت کە پشت لە خەڵکەکەی بکات.


ڕیکلام