بافڵ جەلال تاڵەبانی چاویکەوت بە موسەنا سامەڕائی

  2024-03-06  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە دیدارێکدا سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم گفتوگۆیان لەسەر چەند بابەتێک کرد.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەدیدارێکدا چاویکەوت بە موسەنا سامەڕائی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی عەزم و گفتوگۆ لەبارەی کەرکووک، دیاریکردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکە کرایەوە و جەخت لە گفتوگۆ و ھەماھەنگیی نێوان لایەنە براوەکان کرایەوە لەپێناو تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و گەیشتن بە ئەنجامێک کە وەڵامدەرەوەی خواستی ھەموولایەک بێت.

لەدرێژەی دیدارەکەدا قووڵکردنەوەی تەبایی و گەشەپێدانی کەلتووری پێکەوەژیان لەنێوان سەرجەم نەتەوە و پێکھاتەکانی کەرکووک دووپاتکرایەوە و ھەردوولا ھاوڕابوون، ئیدارەی نوێی شارەکە نموونەی باڵای سەرکەوتن و پێکەوەژیان بێت لە ھەرێمی کوردستان و عیراق.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەژێر رۆشنایی دۆخی کەرکووک و تایبەتمەندییەکانی شارەکە روونیکردەوە، ئاڕاستەکردنی کەرکووک بەرەو ئاوەدانی و خزمەتکردنی خەڵکەکەی، پەیوەستە پابەندبوون بە ئەنجامەکان، دوورکەوتنەوە لە دەمارگیری و رۆحییەتی تۆڵەسەندنەوە، نابێت گەورەیی کەرکووک و شکۆمەندیی خەڵکەکەی قوربانیی ململانێی ناڕەوای لایەنەکان بن.

پرسی ئەنجوومەنی نوێنەران و ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ، تەوەرێکیتری دیدارەکە بوو و ھەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی گفتوگۆکان کردەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان.


ڕیکلام