پنتاگۆن ژمارەی ئەو ملیشیایانە بڵاوكردەوە كە توركیا بۆ شەڕ بردونیەتە لیبیا

  2020-07-18  | 
گروپێک لەو میلیشیایانەی تورکیا بۆ شەڕکردن بردوونیەتە لیبیا
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
راپۆرتێكی نوێی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئاشكرایكردووە، لە سێ مانگی ڕابردوودا، توركیا بە هەزاران چەكداری بەكرێگیراوی میلیشیاكانی سوریای ڕەوانەی لیبیا كردووە .

لە یەكەم لێدوانی فەرمی ئەمریكا سەبارەت بە چالاكییە گوماناوییەكانی توركیا لە لیبیا كە ئامانج لێی گۆڕینی هاوسەنگی هێزە لە شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتەدا، پنتاگۆن ئاشكرایكردووە، ئەنكەرە بە هەزاران چەكداری گروپەكانی ناوخۆیی سوریای بۆ شەڕكردن بردووەتەوە لیبیا .

ئەو ڕاپۆرتە نوێیەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە كاتێكدایە، ململانێكانی ناوخۆیی لیبیا لە فراوانبووندایە، بە تایبەت توركیا دەیەوێت بە پشیتوانی میلیشیا چەكدارە بەكرێگیراوەكان، پشتیوانی لە حكومەتەكەی فایز سەراج بكات لە تەرابلوس .

ئەو راپۆرتەی پنتاگۆن وەرزیییە و تایبەتە بە پرۆسەی دژایەتیكردنی تیرۆر لە ئەفریقا، هاوكات ئەو كۆمەك و پارانەشی ئاشكرا كردووە، كە توركیا وەك باربوو پێشكەش بەو میلیشیایانەی دەكات، جگە لەوەش تەماحی ناسنامەی توركیشی خستووەتە بەر دەم ئەندامی ئەو میلیشیایانەی كە چوونەتە لیبیا .

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، توركیا لە هەر سێ مانگی كانوونی دووەم و شوبات و ئازاری ئەمساڵدا 3500 بۆ 3800 چەكداری بەكرێگیراوی ڕەوانەی لیبیا كردووە، بەڵام ڕوانكەی مافی مرۆفی سوریا باس لەوە دەكات توركیا پشتی بە 16 هەزار چەكدار بەستووە بۆ شەڕی ناوخۆیی لیبیا و بەرگریكردن لە حكومەتەكەی سەراج .

هەر لە ڕاپۆرتەكەدا باس لەوە دەكات ئەنكەرە لەو سێ مانگەی سەرەتای ئەمساڵدا ژمارەیەكی نەزانراو لە سەرباز و ڕاوێژكاری سەربازیی خۆی ڕەوانەی ناوخۆیی لیبیا كردووە .

لە لایەكی ترەوە  ڕوانگەی مافی مرۆفی سوریا بڵاویكردەوە، لەم چەند مانگەی دوایدا ئەنكەرە 2500 چەكداری داعشی ڕەوانەی ناوخۆیی لیبیا كردووە، بەزۆریش لە هەڵگرانی ڕەكگەزنامەی تونسی بوون .

بە گوێرەی زانیارییەكانی ڕوانگەی مافی مرۆفی سوریا، تا ئێستا 470 چەكداری ئەو گروپە میلشیایانەی ناوخۆیی سوریا لە لیبیا كوژراون، لەو ژمارەیەش 33 كەسیان هێشتا تەمەنیان نەگەیشتووەتە 18 ساڵ و بۆ شەڕكردن براونەتە ناوخۆیی لیبیا .

ڕێكخراوەكە ئاشكرایكردووە، هەندێك چەكداری ئەو میلیشیا سوریانە گەڕاونەتەوە بۆ ناوخۆیی سوریا و لەبەر دەستكەوتی مادی هانی خێزانە هەژارەكان دەدەن لەبەر پارە و دەستكەوتی مادی ڕۆڵەكانیان ڕەوانەی ناوخۆیی لیبیا بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش بە سەدان مێردمنداڵیان لە شارەكانی عفرین كامپی ئاوارەكان هانداوە پەیوەندی بكەن بە گروپە توندڕەوەكانی ناوچەكانیان، بە تایبەت میلیشیاكانی سوڵتان موراد و سلێمان شاە .



ڕیکلام