حكومەتی فەڕەنسا دۆسیەیەكی لێكۆڵینەوەی كردووەتەوە سەبارەت بە تێوەگلانی محەمەد زاید جێنشینی ئیمارات لە كاری توندوتیژی و ئەشكەنجەدان لەناو خاكی یەمەندا .
لێكۆڵینەوەكان لە دوو دۆسیە پێكهاتوون و یەكێكیان لەلایەن داواكاری گشتی فەڕەنساوە جوڵێنراوە، كاتێك لە ساڵی 2018 سەردانی پاریسی كردووە .
سەبارەت بە جەنگی ناوخۆیی یەمەنیش، محەمەد زائید جێنشینی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو، تۆمەتبار كراوە بە تێوەگلانی لە كاری ئەشكەنجەدان و توندوتیژی لە چەند بنكەیەكی زیندانیكردن لە ناوخۆیی یەمەن و دۆسیەكە لەلایەن دادوەرێكی فەڕەنساوە لە ساڵی 2019 وە سەرۆكایەتی دەكرێت .
تۆماركردنی سكاڵا لە فەرەنسا لەڕێگەی داواكاری گشتییەوە سەبارەت بە مافی مەدەنی ، بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ دادوەرێكی لێكۆڵینەوەی بۆ تەرخاندەكرێت بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەدا بكات .
بە گوێرەی بنەماكانی "ئاژانسی دادوەریی نێودەوڵەتی" دەزگای دادوەریی فەڕەنسا دەتوانێت چاودێری و بەدواداچوون بكات لەسەر زیاتر لە دۆسیەیەكی مەترسیدار لەناو خاكی فەرەنسا، بەڵام بەهۆی ئەو پارێزبەندیەی كە محەمەد زاید هەیەتی، ڕەنگە كێشە بۆ دۆسیەكان دروست ببێت .
سكاڵاكارەكان لە دۆسیەكاندا باسیان لەو ئازار ئەشكەنجەدانە كردووە لە بنەكانی گرتن و گواستنەوە لەناوخۆیی یەمەن، كە لەلایەن هێزە چەكدارەكانی ئیماراتەوە بەڕێوەبراون .
یەكێك لەوانە باسی لە دۆخی دەستگیركردنی خۆی كردووە، كە بۆ ماوەی 48 كاتژمێر لەناو چاڵێكدا لە شێوەی بەرمیل هێڵراوەتەوە، لە كاتێكدا دەست و قاچی بەسترابوون و هیچ جوڵەیەكی بۆ نەكراوە .
باسی لەوەشكردووە، دواتر لە چاڵەكە هێنراوەتە دەرەوە و هەموو جلەكانی لەبەر لابراوە و بۆ چەند كاتژمێرێك بە دەستەكانی هەڵواسراوە و چەندین جار بە داری كارەبای لێی دراوە و جگەرە لەسەر جەستەی كوژێنراوەتەوە .
لەناو دەقی سكاڵاكەدا ئاماژە بەوە كراوە، محەمەد زاید بەو پێیەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئیماراتە، ئەگەری هەیە ئەو پرۆسەی دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانانە بە فەرمانی ناوبراو كرابێت .
یەكێك لە داواكانی دیكە كە لەبەردەم دادگای تاوانە مرۆییەكان و تاوانی جەنگی لەلایەن داوكاری گشتی پاریسەوە بەرزكراوەتەوە، كە لە لایەن سێ هاوڵاتی قەتەرییەوە بەرزكراوەتەوە، باس لە تێوەگلان لە كاری ئەشكەنجەدان و بێسەروشوێنكردن دەكات .
ئەو سێ كەسە باس لەوە دەكەن لە نێوان ساڵانی 2013 و 2015 لە لایەن ئەندامانی دەزگای ئەمنی دەوڵەتی ئیماراتەوە دەستگیركراون و ئەشكەندە و ئازار دراون .
سەرباری ئەم پێشێلكارییە مرۆییانە، جەنگی ناوخۆیی یەمەن، بووەتە هۆی كوژران دەیان هەزار كەس، كە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنی بوون .
حكومەتی ئیمارات كە بە هاوپەیمانی سەرەكی سعودیە دادەنرێت لە جەنگەكەدا ، لە مانگی تەموزی ساڵی 2019 دا بریاریدا، مانەوەی هێزە سەربازییەكانی لە ناوخۆیی یەمەن كەمبكاتەوە .