شانەی قەیرانەكانی كەركوك چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

  2020-07-19  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە بەشداری چەند پەرلەمانتارێكی شارەكە شەوی رابردوو شانەی قەیرانی كەركوك كۆبوویەوە و چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد و 25%ی دەوام لە فەرمانگەكان دەستپێدەكاتەوە.

درەنگانی شەوی رابردوو شانەی قەیرانەكانی كەركوك لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا و تا كاتژمێر دووی بەرەبەیان بەردەوام بوو تیایدا چەند بڕیارێكی نوێ دەركردن. 

بەگوێرەی بڕیاری كۆبوونەوەكە دەوامی فەرمانگە حكومیەكان بە رێژەی 25%دەستپێدەكاتەوە و قەدەغەی هاتووچۆ لە كاتژمێر 9:30ی شەوەوە دەستپێدەكات تا شەشی بەیانی بەردەوام دەبێت. 

لە كۆبوونەوەكە دابینكردنی ئۆكسجینی پێویست بۆ نەخۆشخانەكان زۆرترین گفتوگۆی لەبارەوە ئەنجامدرا و یەكە ئیداریەكانیان راسپارد بۆ ئەوەی هەرچی زووە چارەسەری پێویست بۆ دابینكردنی ئۆكسجین بۆ نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا جێبەجێ بكرێت. 

شانەی قەیران لەو كۆبوونەوەیەدا چەند پەرلەمانتارێكی شارەكە تیایدا بەشداربوون بڕیاریشدراوە بەشێك لەو مۆڵ و ناوەندە بازرگانیانەی لە ماوەی رابردوو داخرابوون بە مەرجی جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی بكرێنەوە