لەسەر پرسی گرانبوونی بەزین سودانی بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت

  2024-03-30  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بڕیاری گرانکردنی بەنزین، شەقام و پەرلەمانیشی هێناوەتەدەنگ و ١٧ پەرلەمانتار داوادەکەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت بانگبکرێنە ئەنجومەنی نوێنەران.

ئەگەرچی نرخی بەنزینی نۆرماڵ بەرزنەکرایەوە و بە ٤٥٠ دینار بۆ لیترێک مایەوە و بڕیاری دوو جۆرەکەی دیکەی بەنزینیش لە ١ـی ئایارەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام شەقامی عێراقی ناڕەزایی دەربڕی و هاوڵاتییانی بەسڕە دژی بڕیارەکەی حکومەت خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی هەردوو جۆری بەنزینی پریمیۆم "موحەسەن" و نایاب، سودانی و حکومەتەکەی خستووەتەژێر فشاری شەقام و پەرلەمانەوە و ١٧ پەرلەمانتار داوای بانگکردنی سەرۆک وەزیران بۆ پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا نرخی لیترێک بەنزینی پریمیۆم "موحەسەن" لە ٦٥٠ دینارەوە بۆ ٨٥٠ دینار و نرخی لیترێک بەنزینی نایابیش لە هەزار دینارەوە بۆ هەزار و ٢٥٠ دینار بەرزبکاتەوە، لە پاساوی بڕیارەکەشدا ڕایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی بەنزین و کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی سەر شەقامەکانە.


ڕیکلام