وه‌زیری‌ ناوخۆ تۆماركردنی‌ زیاتر له‌ 36 ملیۆن هاوڵاتی له‌ سیستمی كارتی نیشتمانیدا راگه‌یاند

  2024-03-30  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وه‌زیری‌ ناوخۆی عێراق تۆماركردنی‌ زیاتر له‌ 36 ملیۆن هاوڵاتی له‌ سیستمی كارتی نیشتمانی و ده‌ستپێکردنی قۆناغی‌ دووه‌می‌ سیستمه‌كەی راگه‌یاند.

ئه‌مِڕۆ شه‌ممه‌، عه‌بدولئه‌میر ئه‌لشه‌ممه‌ری وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ عێراق له‌ رێوڕه‌سمێكدا له‌ به‌غدا وتارێكی‌ ده‌رباره‌ی‌ قۆناغی‌ دووه‌می‌ سیستمی كارتی نیشتمانی پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند: تا ئێستا 36 ملیۆن و 751 هه‌زار و 362 هاوڵاتی كارتی نیشتمانیان بۆ ده‌رهێنراوه‌.

وتیشی: له‌ 1 نیسانه‌وه‌ له‌ ناوخۆی‌ عێراق كار به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ كۆنه‌كانی هاوڵاتیان وه‌ك (باری‌ شارستانی‌ و ره‌گه‌زنامه‌) ناكرێت.

هاوكات ئه‌لشه‌ممه‌ری ده‌ستپێكردنی قۆناغی دووه‌می پڕۆژه‌ی كارتی نیشتیمانی ڕاگه‌یاند، كه‌ له‌ باڵیۆزخانه‌كانی عێراق به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ جێبه‌جێی ده‌كات.

وه‌زیری ناوخۆی‌ عێراق راشیگه‌یاند: ده‌ستمان كرد به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ په‌سه‌ندكردنی كارتی نیشتمانی وه‌ك به‌دیلێك بۆ كارتی ده‌نگدان له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.
 


ڕیکلام