وەفدێک بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی گەشتە بەغدا

  2024-04-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەفدێکی باڵای حکومەت بەسەرۆکایەتی وەزیری دارایی بۆ چارەسەرکردنی پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران گەیشتە ‌بەغدا.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ئاماژە بەوەکراوە، وەفدێکی حکومەت بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی‌و ئابوری هەرێم بۆ چارەسەرکردنی پرسی بودجەو موچەی فەرمانبەران گەیشتۆتە بەغدا.

ئەوەش هاتوە، "ئامانج لەسەردانەکەی وەفدی حکومەتی هەرێم، گفتوگۆکردنە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەحکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ  چارەسەرکردنی پرسی بودجەو موچەی فەرمانبەران‌و موچەخۆرانی هەرێم‌و ناردنی موچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێم".

سەردانەکەی وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمیش بۆ بەغدا لەکاتێکدایە، کۆتایی هەفتەی ڕابردوو محەممەد عەبدولقادر بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لەوەزارەتی دارایی ئاشکرایکرد، لیستی موچەی مانگی ئادار بەدوو شێوە بۆ بەغدا دەنێرن، یەکەمجار لیستی موچەی مانگی ئادار بەبێ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران‌و لەنزیکترین کاتدا دەنێرن، بەڵام لیستی دوەمی موچەی مانگی ئادار بەپلەبەرزکردنەوە دەبێت‌و لە ٢٠ ڕۆژدا ئامادە دەکرێت‌و دەینێرن.

وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکو ئێستا تەنها موچەی مانگەکانی کانونی دوەم‌و شوباتی ئەمساڵی بۆ هەرێم ناردوەو بەوتەی نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق، "ڕێکارەکانی ناردنی موچەی مانگی ئادار هاوشێوەی مانگی شوبات دەبێت‌و وەزارەتی دارایی عێراق بەکاش موچەکە بۆ هەرێم دەنێرێت".
 


ڕیکلام