ڤیان سەبری: پێویستە دوای جەژن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتە سەر بودجەی حاکیمە

  2024-04-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: پرۆسەی ناردنی موچە لە بەغدا زۆر رێکاری پێویستە تاوەکو دەگاتە هەرێم،بۆیە پێویستە دوای جەژن مووچە بخرێتە سەر بودجەی حاکیمە.

ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: پێویستە دوای جەژنی ڕەمەزانی یاسایی بودجە هەموار بکرێتەوەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ئینفاقی فعلی جیابکرێتەوەو بخرێتە سەر بودجەی حاکیمەو لەپەرلەمانیش پەسەند بکرێت. 

وتیشی: پرۆسەی ناردنی موچە لە بەغدا زۆر رێکاری پێویستە تاوەکو دەگاتە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەگەر یاسایی بودجە هەموار بکرێتەوە کێشەی ناردنی موچە نامێنێت. 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە سەرجەم فراکسیۆنەکان بەتایبەت فراکسیۆنە کوردییەکان پاڵپشتی لەوە بکەن بۆ ئەوەی یاسایی بودجە هەمواربکرێتەوە و موچەی مانگانە لە کاتی خۆی ڕەوانە بکرێت بەبێ دواکەوتن بۆ ئەوەی هیچ گرفتێکی بۆ دروست نەکرێت. 

ئەوەشی خستەڕوو، وەکو فراکسیۆنی پارتی پشتگیری لە رێککەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکەین بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆی ڕەوانە بکرێت، دوای موچە پێویستە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسایی بودجە بەتەواوی ڕەوانە بکرێت، چونکە لە یاسایی بودجە ئاماژەی پێکراوەو مافی ئێمە تەنها موچە نیە، بەڵام ئەولەویەت بۆ موچەیە. 

باسی لەوەشکرد، چاوەڕێی خشتەکانی ناو بودجە دەکەین تاوەکو حکومەت بۆ ئێمەی ڕەوانە بکات بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت، ئەوەش بەهەماهەنگی دەبێت لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق.


ڕیکلام