عەدنان موفتی: بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی تەفسیر دەکرێت

  2024-04-08  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان دەریدەخات بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی تەفسیر دەکرێت کە جانبی سیاسی هەیە.

عەدنان موفتی، سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی زیاد لە سنوری خۆیان ڕۆشتوون، چونکە ھەندێک لەو بڕیارانە لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی و بەشێکیشیان هی پەرلەمانی عێراقن، بەڵام دادگای فیدڕاڵ خۆی کردۆتە خاوەنیان ئەمەش پێچەوانەی دەستوری عێراقە. 

وتیشی: دادگای فیدڕاڵی ڕاستە بڕیارەکانی کۆتایین، بەڵام دەستور لە سەرووی هەموو یاساکانەوەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوو ماددەی گرنگ هەن لە دەستوردا کە یەکێکیان پەیوەندی بە قەوارەی هەرێمەوە هەیە کە دەنگی بۆ دراوە؛ ماددەکە دەڵیت قەوارەی هەرێم پارێزراوە بە هەموو یاساکانیەوە؛ واتە پێش دەنگدان بە دەستور ئەمە جێگیرکراوە.

هەروەها لابردنی کورسی پێکهاتەکان کە بە یاسا ڕێکخراوە و یەکێتی و پارتی دەنگیان لەسەر داوە؛ لابردنیان بە بڕیاری دادگا پێشێلکاری یاسای هەرێمی کوردستانە. 

باسی لەوەشکرد، پرسیار لەوەدایە کە کورسی کۆتاکان هەڵوەشایەوە، بۆچی کورسی پێکهاتەکان لە بەغداد و لە موسڵ هەڵنەوەشایەوە؟ لەمەوە تێدەگەین بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی تەفسیر دەکرێت کە جانبی سیاسی هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، کەهیوادرام هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و پارتیش بەشدار بێت، ئەگەر پارتی بەشدار نەبێت و بایکۆت بکات زەرەرێکی تر دەگەیەنێت و کەمووکوڕی تێدا دەبێت.


ڕیکلام