قوباد تاڵەبانی: ئەرکی حکومەتە یاساکانی کاری رۆژنامەگەری و مافی دەستخستنی زانیاری وەک خۆی جێبەجێ بکات

  2024-04-22  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە رۆژی یادی رۆژنامەگەری کوردیدا دەڵێت، " رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و یادی ١٢٦ ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی لە ھەموو رۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان پیرۆزبێت".

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و یادی ١٢٦ ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی لە هەموو رۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان پیرۆزبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە: لەم یادەدا و لە بڕوای تەواومەوە بە ئازادی رۆژنامەوانی و سەرجەم ئازادییەکانی تر، داواکارم هەم ئێمەی لە دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان و هەم خودی کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان بە دیدێکی رەخنەگرانەوە دۆخی ئێستای رۆژنامەگەریی کوردی هەڵبسەنگێنین. ئەرکی حکومەت و  دەسەڵاتی سیاسییە کێشە و کەموکوڕییەکانی بەردەم ئازادی کاری رۆژنامەگەری چارەسەر بکات، یاساکانی کاری رۆژنامەگەری و  مافی دەستخستنی زانیاری وەک خۆی جێبەجێ بکات و گۆڕانکاری لە شێوازی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ رۆژنامەنووساندا بکات.

باسی لەوەشکردوە: لە بەرامبەریشدا کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسانیش لەرێگەی پەرەپێدان بە توانا پیشەییەکانی خۆیان و پابەندبوونیان بە بەها باڵاکانی رۆژنامەگەری، ئاستی متمانە بە کاری رۆژنامەگەری لەناو کۆمەڵگادا بەرز بکەنەوە، لەسەرمانە بە چاوی رێزەوە سەیری پیشە و ئەرکی رۆژنامەگەری بکەین و پارێزەری ئازادی کاری رۆژنامەگەری بین.

لە کۆتایشدا دەڵێت: دووبارە پیرۆزبێت یادی رۆژنامەگەریی کوردی


ڕیکلام