مەسرور بارزانی لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لەدژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان تۆماردەکات

  2024-05-06  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە دادگای فیدراڵی عێراق، سکاڵا لە دژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆماردەکات و داوا دەکات بەپەلە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕابگرێت.

مەسرور بارزانی، لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە لە دادگای باڵای فیدراڵی، سکاڵای لە دژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکردووە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سکاڵاکەیدا دەڵێت، "کۆمیسیۆن لە دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، سەرپێچی دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کردووە، چونکە کۆمیسیۆن لە دابەشکردنی ژمارەی کورسیی بازنەکان، پشتی بە ژمارەی دەنگدەران بەستووە نەوەک ژمارەی دانیشتووانی ئەو بازنانە، ئەمەش پێچەوانەی دەقی ماددەی 49ی دەستووری عێراقە".

هەر لە سکاڵاکەی مەسرور بارزانیدا هاتووە، "ماددەی تانەلێگیراو سەرپێچی بڕگەکانی دەستووری کردووە، کە تیایدا هاتووە رەچاوی نوێنەرایەتی تەواوی پێکهاتەکانی گەل بکرێت"، دەشڵێت "راستە ئەم بڕگەیە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، بەڵام بنەمایەکە دەستوور پەسەندی کردووە و پێویستی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانە لە تەواوی دەسەڵاتەکانی یاسادانانن، بۆیە پێویستبوو کۆمیسیۆن رەچاوی هاوسەنگی بکات، بە دیاریکراوی تایبەت بە پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی".

مەسرور بارزانی داوا لە دادگای باڵای فیدڕاڵی دەکات، بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ راگرتنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و راگرتنی رێوشوێنەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی.

 

 
 
 
 


ڕیکلام