سێ سەرۆکایەتییەکە جەختدەکەنەوە لەچارەسەری کێشەکانی هەرێم و بەغدا

  2020-07-19  | 
کۆبوونەوەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق پشیتوانی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان کردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، دواتر سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەختیانکردەوە، لە کارکردن لە پێناو کاراکردنی ڕێوشوێنی یەکلاییکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پێیوستە یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەشێوەیەک بێت مافی هاوڵاتیان بێ جیاکاری و بەگوێرەی دەستور لەبەرچاو بگرێت.

هەر سێ سەرۆکایەتییەکە هەوڵەکانی حکومەتەکەی کازمیان بەرزنرخاند بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان و ڕێکخستنەوەی کارەکان تیایاندا و، لێپێچینەوە لە گەندەڵی و گەندەڵکاران بە مەبەستی پاراستنی سامان و ئابووری وڵات و سەپاندنی یاسا و سەروەری دەوڵەت.

هەر لە کۆبوونەوەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە چەند دۆسیەیەکی تایبەت بە دۆخی ناوخۆیی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، بە تایبەت دۆخی تەندروستی و پەتای کۆرۆنا و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ تێپەڕاندنی دۆخی دارایی ئێستا و زیادکردنی سەرچاوە جیاجیاکانی داهاتی حکومەت.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا باس لە پرۆگرامی سەردانەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەریەکە لە سعودیە و ئێران کراوە.

 



ڕیکلام