نەجمەدین كەریم: پێویستە خەڵكی كوردستان خۆپیشاندان بكات

  2020-07-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزگاری دوورخراوەی پێشووی كەركوك رایگەیاند، هێرشەكانی توركیا زیاتنر خەڵكی سڤیلی گرتووەتەوە لە هەرێمی كوردستاندا ئەوەش بۆ دژایەتی هەموو كوردە نەك لایەنێك پێشیوایە حكومەتی عێراقی پێش هێرشەكە رەزامەندی داوە بە ئەنجامدانی.

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی دوورخراوەی كەركوك، لە دیدارێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند: ئەوەی ئەردۆگان دەیكات دەیەوێت توندڕەوەكانی توركیا و "ناشنالستەكانی" توركیا هەمووی "هار" بكات و دژی خەڵكی كوردستان نەك لە هەرێمی كوردستان بە تەنها، ئەمە هەمووی سەرئەنجامی ئەوەیە كە ئەو میللەتی كورد دەچەوسێنێتەوە لە توركیا، مافەكانی پێشێلكردووە، له ‌پەرلەماندا ناتوانن قسە بكەن و دوای ئەوە زیندانی دەكرێن بە بیانوی جیاواز، سەرۆكی شارەوانییەكان كە هەڵبژێردراون، لە كۆی 65 نزیكەی 50ی دەركراون بەشێكی زۆریشیان لە زیندانن. 

ئەو لەبارەی هێرشەكانی توركیا بۆسەر هەرێمی كوردستان دەڵێت: ئەم هێرشانە زیاتر خەڵكی سیڤیلی گرتۆتەوە نەك تەنها كورد و موسوڵمانەكان، بەڵكو دیانەتی تریشی گرتۆتەوە لە شەنگال و شوێنی تر یەزیدییەكانی گرتۆتەوه،‌ لە مەخمور پەناهەندەكانی گرتۆتەوە، كه ‌ئەمانە بەبڕیاری "یو ئێن" لەوێن و بەچاودێری "یو ئێن" لەوێن، بەڵام بەداخەوە "یو ئێن" یش لەمەدا بێدەنگە وەكو لە زۆر شتی تردا بەرامبەر بە كوردستان بێدەنگه. 

دەربارەی هەڵوێستی حكومەتی عێراق لەسەر هێرشی توركیا، بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان نەجمەدین كەریم دەڵێت "تەنها بۆ هەرێمی كوردستان نییه،‌ بۆ هەموو كوردستانە ئەو شوێنانەی كە لە دەرەوەی هەرێم-ن، و‌ عێراق بێدەنگە لەم هێرشانە و‌ باس لەوەش هەبوو لەو بڕوایەدام، كە ڕاستە پێش دەستپێكردنی ئەم هێرشانە نوێنەری توركیا هاتوونەتە بەغدا و حكومەتی عێراقییان ئاگاداركردۆتەوە".

ئەو بە گرنگی دەزانێت خەڵك و لایەنە سیاسیەكان دژی هێرشكانی توركیا یەك دەنگبن و دەشڵێت "خۆپیشاندان دژی ئەم هێرشانەی توركیا لەلایەن كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانەوە پێویستە بكرێت، و كوردانی دەرەوە بكەونە چالاكی بەشێوەی جیاواز لەگەڵ حكومەتەكانییان لەگەڵ پەرلەمانەكانی خۆیان لەگەڵ كۆنگرێس لە ئەمریكا بۆ ئەوەی ئەم بابەتانە ڕوونبكرێنەوه،‌ كە توركیا مەبەستی بڵاوبوونەوەی هەیە لە ناوچەكە به ‌گشتی، به ‌بیانوی ژیانەوەی دەوڵەتی عوسمانی". 

ئەو ڕەخنەی لە هەڵوێستی كورد دەگرێت و دەڵێت "كورد كەمتەرخەم بووە، و ئێمە ژمارەیەكی زۆر پەرلەمانتارمان هەیە كه ‌بابەتی هێنانەوەی پێشمەرگە دەكرێت بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان دەڕوانیت چەند كەسێك كە ژمارەیان دەگات بە 4 كەس ڤیتۆی لەسەر دەكەن و دەیكەن بە هەرا، بەڵام توركیا هێرشی كردۆتە سەر هەموو خاكی كوردستان لە سوریا و لە عێراقیش، بەڵام پەرلەمانتاری كورد تا ئێستا بەیەك دەنگ دژایەتی ئەم هێرشەیان نەكردووە".