سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: بەغدا قوڵایی ستراتیژی هەرێمی كوردستانە

  2020-07-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بەغدا قووڵایی ستراتیژیی هەرێمی كوردستانە و پشتیوانی گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا دەكەن بە ئاراستەی چارەسەركردن.


ئەمڕۆ دووشەمە 2020/7/20، ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانك لە میانی پێشوازیكردنی لە‌وەفدێكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەرلەمانی عێراق، رایگیاند: بەغدا قووڵایی ستراتیژیی هەرێمی كوردستانە، لەپەیوەندییەكانیشماندا لەگەڵ ناوەند پشتیوانی لەتیمی دانوستانكاری هەرێم و ئەندامانی فراكسیۆنە جیاوازەكانی كورد دەكەین. 

لەو دیدارەدا كە بە سەرۆكایەتی جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا رێواز فایەق وتیشی: پشتیوانی دانیشتنەكان دەكەین بەئاڕاستەی گەیشتن بەڕێككەوتنێكی هاوسەنگ كە لەبەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت و پاڵپشتیی زمانی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنی هاوبەش دەكەین لەسەر شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان. 

ئەوە لە كاتێكدایە لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی مستەفا كازمی حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵێكی خستووەتەگەڕ بۆ ئەویە رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بكات، بەڵام تا ئێستا گفتوگۆكان بێ ئەنجامبوون و هیچ رێكەوتنێك ئەنجام نەدراوە.