باڵۆندۆر ئەمساڵ هەڵوەشێندرایەوە و باشترین یاریزانیش هەڵنابژێردێت

  2020-07-20  | 
دۆسیە:  وەرزش
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمساڵ خەڵاتی باڵۆندرۆ، كە ساڵانە بە باشترین یاریزانی تۆپی پێ دەدرێت دابەش ناكرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو رەوشەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان دروستی كردووە.

گۆڤاری فوتبۆلی فەرەنسی ئەمڕۆ دووشەممە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "رێوشوێنە تایبەتەكان، وایانكرد خەڵاتی باڵۆندۆر (تۆپی زێڕین) دابەشنەكرێت". 

گۆڤارەكە ئەوەشی وتووە لەدوای دەستپێكردنی دابەشكردنی خەڵاتەكە لە 1956ـەوە، ئەمساڵ یەكەمجارە كە دابەش نەكرێت، بەهۆی ئەوەی رەوشێكی گونجاو نەبووە بۆ یاریەكان و دابەشكردنی خەڵاتەكە. 

خەڵاتی باڵۆندۆر خەڵاتێكی ساڵانەیە و لەلایەن گۆڤارەكەوە دەدرێت بە باشترین یاریزانی جیهان كە لەلایەن راهێنەران و رۆژنامەنوسان و یاریزانانەوە دەنگیان پێ دەدرێت ماوەی 63 ساڵە ئەو خەڵاتە دابەش دەكرێت. 

تا ئێستا كریستیانۆ رۆناڵدۆی پرتوگالی زۆرترین جار پاڵێوراوە كە 16 جار بووە، تا ئێستا تەنها پێنج جار نازناوەكەی بردووەتەوە، بەڵام لیۆنێل میسی توانیویەتی  زۆرترین جار خەڵاتەكە بەرێتەوە كە 6 جار بووە بەهۆی دابەشنەكردنی خەڵاتەكە لە ساڵی 2020دا جارێكی دیكەش هەڵگری ئەو نازناوە دەبێت. 

بۆ یەكەم جار ئەو خەڵاتە دراوەتە ستانلی ماسیوس، ئەستێرەی ئینگلتەرا، بۆ ماوەی حەوت جار یاریزانانی هەریەكە لە ئەڵمانیا و پرتوگال و هۆڵەندا ئەو خەڵاتەیان بەدەستهێناوە و دواتر هەریەكە لە فەرەنسیەكان و ئەرجنتینیەكان هەریەكەیان شەشجار نازناوەكەیان بردووەتەوە. 

لە نێو یانەكانیشدا یانەی بەرشەلۆنە 12 جار بردویەتیەوە و ریاڵمەدرید11 جار و یۆڤانتۆس و ئەیسی میلان هەریەكەیان هەشت جار بردویانەتەوە.


ڕیکلام