جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی چارەسەرێكی نوێی ئاشكرا كرد بۆ تووشبوانی كۆرۆنا

  2020-07-20  | 
هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی
هۆشمەند فەلاح
 دڵشاد سەید عەلی
هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئاشكرایكرد، لە ئێستادا چارەسەرێك لەڕێگەی دەرزییەكەوە دەكەن بەو تووشبوانەی كۆرۆنا كە بە قورسی پەتاكەیان گرتووە .

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە تۆڕئ هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، ئەو دەرمانە لەڕێگەی دەرزییەکەوە کە بە "ئای ڤی ئای جی" ناسراوە لەو نەخۆشانە دەدرێت.

ڕوونیشیکردەوە ئەو دەرزییە دەدرێت بەو كەسانەی كە سەرەڕای ئەوەی پلازمایان وەرگرتووە، بەڵام بەرگری لەشیان لاوازە و دۆخی تەندروستیان قورسە یان كۆمەڵێك نەخۆشی دیكەیان لەگەڵدایە .

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئاشكرایكرد، ئەو چارەسەرە دراوە بە پێنج نەخۆش و لەو پێنجە سیانیان نێردراونەتە ماڵەوە و ڕێژەی ئۆكسجین لە خوێنیاندا بەرزبووەتەوە و توانراوە ڤایرۆسەكەیان كۆنترۆڵ بكرێت .

ئاشكرایشیكرد لە ئێستا سەرقاڵی ئەوەن بیدەن بەنەخۆشەكانی دیكەش بۆ ئەوەی زۆرترین نەخۆش سودی لێ ببینن، بەڵام مەرجیش نییە هەموو ئەو كەسانەی بە سەختی نەخۆشییەكەیان گرتووە سود لەم دەرزییە ببینن، بۆیە نابێت وا سەیر بكرێت كە هەموو نەخۆشێك پێویستی بە دەرزی "ئای ڤی ئای جی" دەبێت .

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئاشكرایكرد، پێشتر ئەو دەرزییە هەبووە و لە نەخۆشخانەكانی هیوا و نەخۆشخانەكانی تایبەت بە خوێن تاقیكراونەتەوە، ئەوانیش هەوڵیان داوە سودێكی هەبێت بۆ نەخۆشەكانی كۆرۆنا و بە كرداریش سودی هەبووە، بە مەبەستی زیادكردنی بەرگری لەشی نەخۆشەكان .

ڕوونیشكردەوە كاریگەریی دەرمانەكە لە ماوە هەفتەیەك دوای وەرگرتنی دەركەوتووە و بۆ دوو هەفتە لەوە دواتر ئەوانەی وەریانگرتووە نێردراونەتەوە ماڵەوە .



ڕیکلام