رۆژهەڵاتی کوردستان.. زیندانییەکی سیاسی مەترسی لەسێدارەدانی لەسەرە

  2020-07-20  | 
ورمێ
حسێن عوسمانی زیندانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حسێن عوسمانی زیندانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە سزای ٣٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە، مەترسی لەسێدارەدانی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لەسەرە.

ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی٧ی٢٠٢٠، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، حسێن عوسمانی بەندکراوی سیاسی بانگ کردووە و لێیانداوە.

حسێن عوسمانی هاودۆسیەی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسوڵزادەیە کە هەفتەی ڕابردوو لە زیندانی ورمێ لەسێدارەدران.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکان ئەو بەندکراوە سیاسییەیان لەژێر فشار داناوە و داوایان لێکردووە بەڵگەیەک بە بێ چاوپێکەوتن ئیمزا بکات کە ناوبراو ئامادەی ئەم کارە نەبووە و بێڕێزی زۆری پێکراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەیان لە حسێن عوسمانی کردووە کە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە سێدارەدەدرێت .

هەنگاو لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ورمێ بڵاویکردووەتەوە، پێنج رۆژ پێش ئێستا، ئاخوندێک بەناوی وەکیل پوور نوێنەری دەزگای دادوەری ئێران لەگەڵ نوێنەری ئیدارەی گشتی بەندیخانەکانی پارێزگای ورمێ سەردانی بەندی سیاسیان کردووە و حسێن عوسمانی داوای لە وەکیل پوور کردووە کە کەیسەکەی پێداچوونەوەی پێدا بکرێت، بەڵام وەکیل پوور پێی ڕاگەیاندووە کە تۆ هاودۆسیەی سابیر و دیاکۆ بووی و دەبوو لەسێدارەبدرێیت .

حسێن عوسمانی بەتۆمەتی ئەنجامدانی تەقینەوە لە شاری مهاباد و ئەندامێتی کۆمەڵە، زستانی ٢٠١٣ دەستبەسەرکراوە و دواتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی مهابادەوە لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسوڵزادە سزای لەسیدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

بڕیاری لەسێدارەردانی حسێن عوسمانی لە زستانی ٢٠١٦دا لەلایەن دیوانی باڵای ئێران هەڵوەشێندرایەوە و دۆسیەی دیاکۆ و سابیر نێردرا بۆ دادگای شۆرشی ورمێ، حسێن عوسمانی پاییزی ساڵی ڕابردوو سزای ٣٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و ئێستا لە زیندانی ورمێ ڕاگیراوە .

سزای لەسێدارەدانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسوڵزادە ڕۆژی سێشەممەی هەفتەی ڕابردوو لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێکرا.



ڕیکلام