ئاژانسی ئیرنا: دیداری نێوان كازمی و خامنەئی پەیامی جیاواز لەخۆی دەگرێت

  2020-07-21  | 
عەلی خامنەئی رابەری باڵای ئێران
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاژانسی هەواڵی ئیرنای نزیك لە رابەری گشتی ئێران ڕایگەیاند، دیداری عەلی خامنەئی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق چەندین پەیامی جیاواز لەخۆ دەگرێت .

ئاژانسەكە بڵاویكردووەتەوە، خامنەئی ئێوارەی ئەمڕۆ پێشوازی دەكات لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەوەش لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا ئەوە یەكەم دیدار ڕاستەوخۆی خامنەئییە لەگەڵ میوانەكانیدا .

ئاماژەی بەوەشكردووە، گرنگترین بابە تكە پێویست باس بكرێت لە میانی سەردانەكەی كازمی بۆ تاران، بریتیە لە دیداری راستەوخۆی ناوبراو لەگەڵ خامنەئیدا، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ گرنگی پێدانی تایبەتی رابەری ئێران بە پەیوەندییە هاوبەشەكان و بایەخی ناوبراو بە گەلی عێراق، بە تایبەت كە ماوەی پَێنج مانگە رابەری باڵای ئێران هیچ دیدارێكی ناوخۆیی و دەرەكی ڕاستەوخۆی نەبووە، مەگەر بەهۆی پێویستییەكی زۆرەوە نەبێت، ئەویش بەهۆی ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا .

ئاژانسە ئێرانییەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو دیدارەی نێوان كازمی و خامنەئی مانای زۆر لەخۆی دەگرێت و بەو پێیەی عێراق و ئێران پەیوەندی زۆری سیاسی و كلتوری و ئایوری و هەرێمایەتییان هەیەن سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگی نێوان ئێران و عێراق لەسەر بەرزترین ئاست .

ئەمڕۆ سێشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەردانێكی دوو ڕۆژە گەیشتە تاران و لەگەڵ حەسن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران كۆبۆوە.