وەزیری بازرگانی هەرێم: پێمباشە هەرێم و بەغدا دەروازە سنوریەكان بەڕێكەوتن بەڕێوەبەرن

  2020-07-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان رایگەیاند پێیباشە هەرێم و بەغدا بە ڕێكەوتن دەروازە سنوریەكان بەڕێوەبەرن، ئاگاداری ئەوەش نیە كە بەغدا هێزی جوڵاندبێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنرویەكانی هەرێم.

كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند، هیچ ئاگاداری ئەوە نیم و نەشمزانیووە حكومەتی عێراقی هێزی جوڵاندبێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنورییەكانی هەرێم، لە كۆبونەوەی هەفتەی رابردووی حكومەتی هەرێمیش باسیئەو ببەتە نەكراوە. 

وەزیری بازرگانی پێشبینی ناكات عێراق پەنا بۆ بەكارهێنانی هێز بەرێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنوریەكانی هەرێم و دەشڵێت: شتێكی وەها ڕوو بدات ڕەنگە كاریگەری لەسەر كۆی پەیوەندییەكان بكات مەبەستم پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا. 

ئەو ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر بێت و شتی وا لەلایەن عێراقەوە ئەنجام بدرێت كاریگەری لەسەر داهاتی هەرێمی كوردستان دەبێت لەبەر ئەوەی ئەو كاتە سەرجەم داهاتەكەی دەباتەوە بۆخۆی، راشیگەیاند "ئەگەر مەسەلە ڕێكەوتن بێت لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، هەموو ڕێكەوتنێك باشە بەدڵنیاییەوە ئەو كاتەش بەڕەزامەندی هەردوولا دەبێت نەك بە زەبری هێز و داگیركاری بێت، پێشم باشە بەهاوكاری یەكتری ئەگەر ئەوەش كرا بەڕێكەوتن بوو بەدڵنیاییەوە دەبێت بەهاوكاری و هەماهەنگی هەردوولاوە بەڕێوە ببرێت، هەر بەپێی دەستوری عێراق-یش ئەوە (واردە)".

كەمال موسلیم ڕەتیكردەوە هیچ بازگەیەك هەبێت لەدەرەوەی بازگە فەرمییەكان وەك هەندێك لەپەرلەمانتاران باسی دەكەن، لەو ڕوەوە دەڵێت "من نازانم لەلایەن چەكدارەوە بەدڵنیاییەوە هەندێك تەجاوەزات و پێشێلكاری هەبێت لە سنورەكان بەڵام ئەوەی كە چەكدار بەڕێوەی ببەن من ئاگاداری ئەوە نیم" بەڵام گلەییەكە لەسەر ئەوەیە لە هەندێك لە خاڵە سنورییەكان ڕێ و شوێنەكان وەكو پێویست نیین".