ئێران بۆ هەناردەكردنی كڵاش لەگەڵ هەرێم گفتوگۆ دەكات

  2020-07-22  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرپرسی گشتی میراتی فەرهەنگی و گەشتیاری پارێزگای كرماشان ڕایگەیاند، بەرپرسانی وڵاتەكەی لەبارەی هەناردەكردنی كڵاش بۆ هەرێمی كوردستان گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم دەكەن.

ئومید قادری رایگەیاند: لە ڕێگای وەزارەتی میراتی فەرهەنگی و پیشەی دەستی و ئیدارەی پارێزگای كرماشان بۆ چارەسەری كێشەكانی هەناردە كردنی كڵاش لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم گفتوگۆ دەكەین.

ئەو بە ئاژانسی میهری ئێرانی وتووە، كێشەكە لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی كوردستانەوە دروست بووە و هەرێم بۆ پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆیی، باجی دیاریكردووە لە سەر كاڵا هاوردەكان كە كڵاش یەكێك لەو كاڵایانەیە.

قادری وتیشی: بۆ چارەسەری كێشەكە لەگەڵ نووسینگەی هەناردەكردنی جێگرایەتی پیشەی دەستی وەزارەتخانە قسەمان كردووە و بڕیار وابوو كە بە شێوەی نووسین پرسەكە گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت تا لە كۆبوونەوە دوو قۆڵییەكان لە گەڵ هەرێم باسی لەسەر بكرێت.

بەهۆی نزمی بەهای دراوی ئێرانی بەرامبەر دیناری عێراقی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو هاوردەكردنی كڵاش لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بۆ هەرێمی كوردستان زیادیكردبوو بەڵام بەهۆی دانانی باج لەسەر زۆرینەی كاڵاكانی هاوردە بۆ هەرێمی كوردستان هاوردەكردنی كڵاش لە رۆژهەڵاتەوە لە ماوەی رابردوو كەمیكردووە.  


ڕیکلام