موچە لەبەردەم چارەنووسێکی نادیاردا

  2020-07-23  | 
دۆسیە:  موچە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
31 رۆژ بەسەر وادەی دابەشکردنی موچەی مانگی رابردووی وەزارەتی تەندروستی تێپەڕدەبێت کە یەکەم وەزارەت بوو موچەی مانگى شوباتى وەرگرت بەڵام هیچ بڕیارێک نییە بۆ دابەشکردنی موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە پێش جەژندا.


ئەوەش لەکاتێکدایە حکومەتی عێراق بڕیاری داوە پێش جەژنی قوربان موچەی فەرمانبەران دابەش بکات.

ئیحسان ئەلیاسرى، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژمێریاری لە بانكی ناوەندیی عێراق بە ئاژانسی فەرمی نیشتمانی عێراقی رایگەیاند، بانكی ناوەندیی بڕی پێنج تریلیۆن دیناری ناردووە بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ مانگی تەمموز .

ئەلیاسرى دڵنیایی ئەوەیدا كە موچەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان و خانەنشینان بەیەكجار و پێش جەژن خەرج دەكرێت .

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی هەواڵی ژیان کەوتوون 2 مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە قەیرانێکی دارایی قوڵ ئەگەر حکومەتی عێراق موچەی فەرمانبەران نەنێرێت بەمنزیکانە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت هاوشێوەی مانگی رابردووش موچە دابەشبکات.

ئەوەی بووەتە مایەی نیگەرانی و نارەزایی فەرمانبەران، ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی موچەی فەرمانبەران فەشەلی هێناوە و هیچ ساڵێک بەبێ حکومەتی ناوەندی نەیتوانیوە موچە وەک خۆی دابەشبکات بەڵام لەگەڵ بەغدا رێکناکەوێت لەبارەی پرسی نەوت و دەروازە سنوورییەکان.

بۆ دابینکردنی موچەی مانگێکی فەرمانبەران، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی 881 ملیار دینار هەیە، ساڵی 2019 کە چەند مانگێک بەبێ پاشەکەوت فەرمانبەران موچەیان وەرگرت، مانگانە حکومەتی عێراق 453 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دەنارد و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە داهاتی نەوت تەنیا 317 ملیاری دەدایە وەزارەتی دارایی، لە کاتێکدا لەو ساڵەدا بە بەهای 8.5 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە.

ئەوەی گومانەکان لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان دروست دەکات ئەوەیە کە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو نەوتە نەتوانێت تەنیا موچەی فەرمانبەران دابین بکات بۆچی رادەستی حکومەتی عێراقی ناکات.
 ئەو ساڵانەی حکومەتی عێراق بودجەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، هەموو مانگێک مووچەی تەواو دراوە و ئابووری هەرێمی کوردستان لەو پەڕی گەشەدا بووە.

 لە دوای تێپەڕینی چەند ساڵێک بە سەر فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خەڵک و فەرمانبەران کەوتوونەتە قەیرانێکی گەورەوە، لە بری بووژانەوە و زیادکردنی موچەی فەرمانبەران  بووەتە هۆی بڕین و بێ سەروبەرکردنی موچە.


ڕیکلام