دوینێ كۆرۆنا لە ئاستی جیهاندا بەرزترین رێژەی تووشبوونی لە ماوەی 24 كاتژمێردا تۆماركردووە و بۆیەكەمجار زیاتر لە280 هەزار كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون لە رۆژێكدا.
بەگوێرەی ئامارە بڵاوكراوەكانی دەوڵەت و هەرێمەكانی جیهان تەنها لە22ی تەمووزدا 280هەزار و 236كەس تووشبوونیان بە كۆرۆنا تۆمار كراوە، ئەوەش بۆیەكەمجارە ژمارەكان بەوشێوەیە بەرزببنەوە، پێشتر زۆرترین ژمارەی تووشبوون لە ماویە رۆژێكدا لە 16ی ئەم مانگەدا تۆماركرا بوو كە 249 هەزار و 668توشبوو بوو.
هەر دوێنێ حەوت هەزار و 128 تووشبووی ڤایرۆسەكە لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە كە پێشتر لە رۆژی 17ی نیساندا هەشت هەزار و 491كەس گیانیان لەدەستدابوو.
تەنها لە دوێنێشدا 239 هەزار و 402 كەس لە ڤایرۆسەكە چاكبوونەتەوە كە بەوەش كۆی ژمارەی چاكبوونەوە لە جیهاندا تا ئێستا گەیشتووتە نۆ ملیۆن و 344 هەزار و 748 كەس.
تا ئێستا زۆرترین ژمارەی تووشبوون لە ئەمریكا تۆماركراوە كە چوار ملیۆن و 100 هەزار و 875 كەسە و 146 هەزار و 183 كەسیش لەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە دوای ئەویش لە بەرازیل دوو ملیۆن و 231هەزار و 871 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و 82 هەزار و 890 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێری زۆری ژمارەی تووشبوون لە وڵاتاندا عێراق لە ریزبەندی 23 هەمین وڵاتی جیهان دێت كە 99 هەزار و 865 تووشبووی تۆماركردووە، وڵاتی چین كە بۆ یەكەمجار ڤایرۆسەكەی تیادا تۆماركرا لە ئێستادا 26هەمین وڵاتی جیهانە و 83 هەزار و 707تووشبووی هەیە.
ڤایرۆسەكە تا ئێستا لە 215 هەرێم وڵاتی جیهاندا تۆماركراوە، كۆی ژمارەی تووشبوون 15 ملیۆن و 382 هەزار و 848 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و 630 هەزار و 369 تووشبوو گیاینان لەدەستداوە، لە كۆی ئەو كەیسانەی لە نەخۆشخانەكاندا ماونەتەوە ڕێژەی 1%یان دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە.